هەرێم نیوز
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی رایدەگەیەنێت، زیاتر لە هەفتەیەکە دەست بە ئامادەکردنی تەرازووی پێداچوونەوە کراوە، دەشڵێت، دوای ئەوەی داهاتی ناوخۆ بۆ بەغدا نێردرا، لیستی مووچەی مانگی (4/نیسان)یش دەنێرن.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 13ـی 4ی 2025، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "پێش لیستی مووچە، پێویستە تەرازووی پێداچوونەوە (میزانیەی مراجەعە) ئامادە بکرێت، بۆ ئەوەی دەربکەوێت داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان چەندە، تاوەکو لەو داهاتە پشکی بەغدا بنێردرێت، دوای ئەوە لیستی مووچەش دەنێرین."
ئاماژەی بەوەش کردووە، "زیاتر لە هەفتەیەکە دەست بە ئامادەکردنی تەرازووی پێداچوونەوە کراوە، ئێستا لە قۆناخی کۆتاییدایە و بە ئەگەرێکی زۆرەوە ئەم هەفتەیە تەواو دەبێت، دوای ئەوە پشکی بەغدا لە داهاتی ناوخۆ دەنێردرێت."
لەبارەی بڕی داهاتی ناوخۆ بۆ مانگی 3 ئەو سەرچاوەیە وتی، "لە مانگێکەوە بۆ مانگێک دەگۆڕێت و بڕەکەی جێگیر نییە، تاوەکو تەرازووی پێداچوونەوە تەواو نەبێت نازانین بۆ مانگی ئادار چەندە."
وتیشی، لیستەکە وەکو مانگی یەک، دوو و سێ لەلایەن شاندێکی تەکنیکیی وەزارەتەکەوە بۆ بەغدا دەبردرێت.
ئەمەش لەکاتێکدایە، رۆژی 26-03-2025، وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لیستی مووچەی مانگی ئاداری بڵاوکردەوە، لە ماوەی سێ رۆژدا مووچەی سەرجەم مووچەخۆران دابەشکرا.