هەرێم نیوز
هاكان فیدان وەزیری دەرەوەی توركیا ڕایگەیاند، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا بەنیازە سەردانی سوریا بكات، ئێستاش كار بۆ دیاریكردنی كاتی گونجاو بۆ سەردانەكە دەكرێت.
وتەكانی هاكان فیدان لەكاتێكدایە، رۆژی هەینی ئەحمەد شەرع سەرۆكی كاتیی سوریا بۆ بەشداریكردن لە كۆڕبەندی دیپلۆماسی ئەنتاڵیا سەردانی توركیای كرد و چاوی بە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری ئەو وڵاتە كەوت.
کۆتایی ساڵی ڕابردووش، ئەردۆغان بەنیاز بوو سەردانی سوریا بکات و لە دیمەشق بچێتە مزگەوتی ئەمەوی، بەڵام بەهۆکارێکی نادیار سەردانەکە دواخرا.
وەزیری دەرەوەی توركیا وتیشی: ئەنقەرە دەیەوێت سەقامگیری لە سوریا بەدیبێت و بەدوور بێت لەهەر ئیستیفزازكردنێك، فیدان جەختیكردەوە "توركیا نایەوێت بكەوێتە ململانێوە لەگەڵ هیچ وڵاتێك لە سوریا".
جەختكردنەوەكەی وەزیری دەرەوەی توركیا، هاوكاتە لەگەڵ ئاڵۆزبوونی پەیوەندییەكانی توركیا و ئیسرائیل لە سوریا.