دواین هەواڵ

جیهان‌

 20 کاتژمێر پێش ئێستا

عومان: گفتوگۆکانی ئێران و ئەمریکا لە کەشێکی دۆستانەدا ئەنجامدران

هەرێم نیوز 

وەزیری دەرەوەی عومان کە ئەمڕۆ شەممە لە مەسقەتی پایتەختی وڵاتەكەی سەرکردایەتی دانوستانەکانی نێوان ئەمریکا و ئێرانی کرد ڕایگەیاند، گفتوگۆکان لە "کەشێکی دۆستانەدا" ئەنجامدراون و ئامانج لێی "رێککەوتنێکی دادپەروەرانە و پابەندکەر" بوە.

بەدر بوسەعیدی، وەزیری دەرەوەی عومان لە پەیامێكدا لە پەڕەی تایبەتی خۆی لە پلاتفۆڕمی "X" بڵاویكردەوە، "بە شانازییەوە ڕایدەگەیەنم کە ئەمڕۆ لە مەسقەت میوانداری د.عەباس عەراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران و ستیڤ ویتکۆف، نێردەی سەرۆکی ئەمریکامان کرد و سەرکردایەتی نێوەندگیرییەکمان کرد بۆ دەستپێکردنی پرۆسەی گفتوگۆ و دانوستان بە ئامانجی، ئەنجامدانی ڕێککەوتنێکی دادپەروەرانە و پابەندکەر".

ئاماژەی بەوەشكرد،  "دەمەوێت سوپاسی دو هاوکارەکەم بکەم بۆ ئەم بەشدارییە کە لە کەشێکی دۆستانەدا ئەنجامدرا، كە بەشداربو بۆ نزیكردنەوەی دیدگاکان و لە کۆتاییدا بەدەستهێنانی ئاشتی و ئاسایش و سەقامگیری ناوچەیی و جیهانی". 

وەزیری دەرەوەی عومان لە پەیامەكەیدا باسی لەوەشكرد، بەردەوام دەبن لە کارکردن بەیەکەوە و هەوڵی زیاتر دەدەن بۆ هاوکاریکردن بەمەبەستی گەیشتن بەو ئامانجە.

دانوستانە ناڕاستەوخۆکانی نێوان ئەمریكا و ئێران کە ئەمڕۆ شەممە لە شاری مەسقەت لە نێوان عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران و ستیڤ ویتکۆف نوێنەری ئەمریکای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەڕێوەچو كە زیاتر لە دو كاتژمێری خایاند، بڕیارە هەفتەی داهاتو دەستپێبکاتەوە. 

لایخۆیەوە عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئیران ڕایگەیاند، دوای دو كاتژمێر و نیو، دانوستانی ناڕاستەوخۆی نێوان شاندەكانی ئێران و ئەمریكا لە کەشێکی بنیاتنەرانە لەسەر بنەمای ڕێزگرتنی یەکتر، كۆتاییهات و شاندەکانی هەردولا بۆ ماوەی چەند خولەکێک لە کاتی چونەدەرەوە قسەیان کرد، 

دەشڵێت، "هەفتەی داهاتو ئەم دانوستانانە بەردەوام دەبن".



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP