هەرێم نیوز
رێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی ڕایگەیاند، ژمارەی تۆماركراوی لە سێدارەدان لە جیهان لە ساڵی 2024 دا بۆ 1500 كەس بەرزبووەتەوە، ئەمەش بەرزترین ئاستە لە ساڵی 2015 ەوە، دەشڵێت، "ژمارە ڕاستەقینەكە زۆر لەوە زیاترە بەهۆی ئەوەی زۆرێك لە وڵاتان رەتیدەكەنەوە ڕاپۆرت لەبارەی لەسێدارەدانەوە بدەن".
ئاماژەی بەوەش کردووە، ئێران و سعودیە و عێراق لە ڕیزبەندی یەكەمدان لە ژمارەی لەسێدارەدان لەساڵی 2024، بەشێوەیەك 90% ی حاڵەتە تۆماركراوەكان لە جیهان لەو سێ دەوڵەتەدان ئەمەش ئامارەكەی جیهانی بەرزكردووەتەوە.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، ئێران لە پلەی یەكەمی لیستەكەدا دێت، بەشێوەیەك لە ساڵی 2024 دا 972 كەسی لەسێدارەداوە، لەكاتێكدا لە ساڵی 2023 دا 853 كەس بووە.
رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی باسی لەوەش کردووە، لە سعودیە ژمارەكە بۆ دوو هێندە زیادیكردووە و گەیشتووەتە 345 كەس، ئەوەش بەرزترین ئاستە ڕێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی بۆ چاودێری مافی مرۆڤ لەو وڵاتە تۆماری كردبێت. لە عێراقیش لە ساڵی 2024 دا 63 كەس لەسێدارەدراون، ئەو ژمارەیەش بەراورد بە ساڵی 2023 چوار هێندە زیادیكردووە.