دواین هەواڵ

عێراق‌

 پێش 1 هەفتە

هێزە ئەمنییەکانی عێراق بە توندی ڕووبەڕووی خۆپیشاندەران دەبنەوە

هەرێم نیوز

ماوەی چەند ڕۆژێکە فەرمانبەرانی وەزارەتی پەروەردەی حکوومەتی عێراق، لە چەند پارێزگایەک دەستیان بە خۆپیشاندان کردووە و داوای زیادکردنی مووچە و پێدانی زەویی نیشتەجێبوون دەکەن.

ئەمڕۆ سێشەممە، لە شاری ناسریە فەرمانبەرانی پەروەردە بۆ داواکردنی مافەکانیان، دەستیان بە خۆپیشاندان کردەوە، بەڵام دواتر پێکدادان لە نێوان خۆپیشاندەران و پۆلیسی فیدراڵی ڕووی دا کە بەهۆیەوە ژمارەیەک خۆپیشاندەر بریندار بوون.

بەگوێرەی میدیاکانی ناوخۆیی، شەڕ و پێکدادان لەنێوان خۆپیشاندەران و پۆلیس ڕووی داوە، لەئەنجامدا پۆلیس گازی فرمێسکڕێژی بۆ بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندەران بەکار هێنا کە بەهۆیەوە چەند خۆپیشاندەرێک بریندار بوون.

سەفا مالیکی، نوێنەری خۆپیشاندانەکان بە ئاژانسی (شەفەق نیوز)ی ڕاگەیاند، "هەزاران مامۆستا بەشدارییان لە خۆپیشاندان کردووه‌ و داوای باشتركردنى مووچە و دابەشکردنی پارچە زەوی ده‌كه‌ن"، جەختیشی کردەوە "مانگرتنی گشتی لە سەرانسەری پارێزگاکانی عێراق بەردەوام دەبێت".

ئاماژەی بەوەشکرد، "پێویستە ئەنجوومەنی وەزیران، لە دانیشتنی ئەمڕۆدا، ئەم بابەتە یه‌كلایی بكاته‌وه‌، مافی ته‌واو بە پەروەردەکاران ببەخشێت، هەروەها کاربکات بۆ بەدیهێنانی داواکارییە ڕەواکان لەڕێگەی دەستکاریکردنی مووچە بۆ ئەوەی ڕەنگدانەوەی بارودۆخی ژیان بێت له‌گه‌ڵ دابەشکردنی پارچە زەوییەک بۆ هه‌ر مامۆستا و فه‌رمانبه‌رێكی په‌روه‌رده‌".

ئاماژەی بەوەشکرد، "بەجێنەگەیاندنی داواکارییەکانی مامۆستایان تەنها دۆخەکە خراپتر دەکات و مانگرتنەکە درێژ دەکاتەوە، بەتایبەتی کە لە وەرزی گرنگ بۆ قوتابیان نزیک دەبینەوە، بەتایبەتی تاقیکردنەوە سەرەتاییەکان و کۆتاییەکان".

هەر لەو چوارچێوەیەدا مامۆستایانی پارێزگای زیقار ڕووبەڕووی په‌لاماردانى پۆلیس بوونەوە، کە بە زۆر و زه‌برى چه‌ك و غازى فرمێسكڕێژ خۆپیشاندانەکانیان لە بەردەم بەڕێوەبەرایەتی پەروەردە بڵاوە پێکرد.

هاوکات سەدان کارمەندی پەروەردەیی لە بەردەم بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی بابل خۆپیشاندانیان ئەنجام دا و داوای هەموارکردنەوەی پێوەرەکانی مووچەیان کرد.
شایەنی باسە لیژنەی هەماهەنگی مانگرتنی مامۆستایان لە عێراق مانگرتنی گشتی ڕاگەیاند کە یەکشەممەی ڕابردوو دەستی پێكرد بۆ فشارخستنە سەر حكوومه‌ت به‌مه‌به‌ستى جێبه‌جێكردنى داواكارییه‌كانیان.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP