هەرێم نیوز
وەزارەتی دەرەوەی سووریا ڕایگەیاند، فڕۆکەکانی ئیسرائیل زیاتر لە 15 جار هێرشیان کردە سەر فڕۆکەخانەی حەما کە پێشتر بنکەیەکی ئاسمانیی سوپای سووریا بووە.
وەزارەتی دەرەوەی سووریا ئاماژەی بەوەش کردووە، "لە پێشێلکارییەکی ئاشکرای یاسا نێودەوڵەتییەکان و سەروەریی خاکی سووریای عەرەبی، هێزەکانی ئیسرائیل لە ماوەی 30 خولەکدا هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر پێنج ناوچەی جیاواز لە سەرانسەری وڵات دەست پێکرد، لە ئەنجامدا فڕۆکەخانەی سەربازیی حەما بە تەواوی وێران بوو و دەیان هاووڵاتی مەدەنی و سەربازیش برینداربوون."
دەشڵێت، ئەوە لە کاتێکدا سووریا لە دوای 14 ساڵ لە شەڕ بەدوای ئاوەدانکردنەوەدایە، ئەم هێرشە دووبارەبووانە لە چوارچێوەی هەوڵێکی ڕوونی ئیسرائیلدا دێت بۆ گەڕانەوەی توندوتیژی بۆ سووریا، تاوەکوو هەوڵەکانی بوژانەوەی وڵاتەکە تێک بدات.
وەزارەتەکە باسی لەوەش کردووە، سووریا داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات هەڵوێستێکی پتەویان هەبێت و فشار بخەنە سەر ئیسرائیل بۆ ئەوەی دەستدرێژییەکانی ڕابگرێت و پابەندی یاسا نێودەوڵەتییەکان و پابەندبوونەکانی بەپێی ڕێککەوتنی جیاکردنەوەی هێزەکانی ساڵی 1974 بێت.
هاوکات، رۆژنامەی "مەعاریف"ی ئیسرائیلی بڵاویكردەوە، کۆبونەوەیەکی فراوانی ئەمنی لە ئیسرائیل بەڕێوەدەچێت بۆ تاوتوێکردنی بوونی تورکیا لە سوریا.
بەگوێرەی رۆژنامەكە، بڕیارە وەزیری بەرگری یسرائیل کاتس و، ئیال زامیر، سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئیسرائیل و سەرکردە سەربازییەکانی ئەو وڵاتە بەشداری کۆبوونەوەکە بکەن، بەبێ ئامادەبوونی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، کە سەردانی هەنگاریا دەکات.
کۆبونەوەکە لە کاتێکدایە، ئیسرائیل ترسی ئەوەی هەیە هەژمونی تورکیا لە سوریا ببێتە هەڕەشەیەکی راستەوخۆ، ئیسرائیل هەوڵی ئەوەنادات دووچاری روبەڕوبونەوەی راستەوخۆبێت لەگەڵ تورکیا روبدات، بەڵکو بەردەوام دەبێت لە ئەنجامدانی هێرشە پێشوەختەكانی.
رۆژنامەكە دەڵێت، ئیسرائیل پێی وایە ئەنكەرە بە رەزامەندی رژێمی نوێی دیمەشق، هەوڵی چەسپاندنی بوونی سەربازی هەمیشەیی دەدات لە سوریا، کە ئەوە بەلای ئیسرائیلەوە هاوسەنگی ناوچەکە دەخاتە مەترسییەوە.
وەزیری بەرگری ئیسرائیل جەختی لەوە کردەوە، وڵاتەكەی هەوڵی داماڵینی چەك دەدات لە باشوری سوریا، لەگەڵ دەستەبەرکردنی ئازادی فڕین ئاسمانەكەی، هەر گۆڕانکارییەک لە دۆخی ئێستاش بە وەڵامێکی توند روبەڕوی دەبنەوە.
شەوی رابردوو، سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، هێرشی ئاسمانییان بۆسەر دوو بنکەی ئاسمانی و ژێرخانی سەربازی لە شارەکانی دیمەشق، حەما و حمس لە سوریا ئەنجامداوە.