هەرێم نیوز
ئێران هەڕەشە لە ئەمریکا دەکات و رایدەگەیەنێت، "ئەگەر هێرشم بکرێتە سەر، بنکەی دیێگۆ گارسیا دەکەمە ئامانج".
رۆژنامەی تەلەگرافی بەریتانی لەزاری بەرپرسێکی باڵای سەربازی ئێران کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت، بڵاویکردووەتەوە، تاران ئەو بنکە هاوبەشەی بەریتانیا و ئەمریکا کە دەکەوێتە زەریای هیندی، دەکاتە ئامانج، لە بەرامبەر هەر هێرشێکی ئەمریکا بۆ سەر ئێران.
ئاماژەی بەوەشکردووە، هیچ جیاوازیەك له کردنه ئامانجی هێزەكانی بەریتانیا و ئەمریكادا ناكەن و لەهەر بنکەیەکی هێزەکانی ئەو دوو وڵاتە لە ناوچەکە هێرش بکرێتەسەر ئێران، بەتوندی وەڵامیان دەدەنەوە و دەکرێنە ئامانج.
لە چەند رۆژی رابردوودا، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا، لە نامەیەکدا بۆ عەلی خامنەیی رێبەری باڵای ئێران، هەڕەشەی ئەوەی کرد کە “رێوشوێنی خراپ” لە دژی تاران دەگرێتەبەر ئەگەر رێکەوتنێک لەگەڵ واشنتۆن سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمیەکەی واژۆ نەکات.
هاوکات، سوپای ئەمریکا فڕۆکە بۆمب هاوێژەكانی لە جۆری B-2 كە توانای هەڵگرتنی كڵاوەی ئەتۆمییان هەیە بۆ دیێگۆ گارسیا گواستەوە، ئەمەش گریمانەیەکی زۆری لێکەوتەوە کە دەتوانرێت بۆ هێرشی سەربازی بۆ سەر ئێران بەکاربهێنرێت.
دیێگۆ گارسیا، دوورگەیەکە بە رووبەری 30 کیلۆمەتر دووجا، سەر بە بەریتانیایە، دەکەوێتە زەریای هیندی بە دووری سێ هەزار و 800 کیلۆمەتر لە باشووری ئێران.
لە دوورگەی دیێگۆ گارسیادا بنکەیەکی سەربازی تێدایە بە هەمان ناوی دوورگەکە و سەر بە وەزارەتی بەرگریی بەریتانیایە، بەڵام بە رێککەوتنێكی ساڵی 1966، بنکەکە کەوتە ژێر کۆنترۆڵی سوپای ئەمریکا و ئێستا بە یەکێک لە بنکە سەرەکییەکانی ئەو وڵاتە دادەنرێت لە رێگەیەوە کۆنترۆڵی دەریا و ئاسمانی بەشی زۆری ناوچەکانی ئەفریقا، رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و ئاسیا دەکات.