دواین هەواڵ

وتەبێژی ح|

جیهان‌

 3 رۆژ پێش ئێستا

بۆ یەکەمجار لە دوای ئاگربەستەوە ئیسرائیل بۆردومانی ناوچەکانی باشووری بەیرووتی کرد

هەرێم نیوز

دوای چوار مانگ لە ئاگربەست لە نێوان حیزبوڵڵا و سوپای ئیسرائیل، جارێکی دیکە هێرشە ئاسمانییەکان بۆ سەر دەوروبەری بەیروت دەستی پێکردەوە. بەرپرسێکی باڵای حیزبوڵڵاش دەڵێت: دوای هێرشکردنە سەر بەیروت، شەڕ دەست پێدەکاتەوە.

ئەمڕۆ لە بەرامبەر ئاراستەکردنی دوو موشەک بۆ سەر شاری کیریات شمۆنا، ئیسرائیل شارۆچکەی کفرسیری باشووری لوبنانی بۆردومان کرد.

وەزارەتی تەندروستی لوبنان دەڵێت زیانی گیانی لە هێرشی ئیسرائیل هەیە و کەسێک کوژراوە و 18 کەسیش بریندارە.

هەروەها هێرشکراوەتە سەر دەوروبەری بەیروت، پێش هێرشەکەش ئیسرائیل هۆشداری دابووە دانیشتووانی ئەو ناوچانە کە شوێنەکانیان چۆڵ بکەن.

لە کاتێکدا حیزبوڵڵای لوبنان لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند: ئێمە پابەندین بە ئاگربەست لە باشووری لوبنان و هیچ پەیوەندییەکمان بە ئاراستەکردنی موشەک بەرەو ئیسرائیلەوە نییە.

دەشڵێت ئەم ڕووداوانە بیانووی گوماناوین بۆ بەردەوامی دەستدرێژی بۆ سەر لوبنان.

لە دوای واژۆکردنی ڕێککەوتنی ئاگربەست لە نێوان ئیسرائیل و دەسەڵاتدارانی لوبنان، بە پاڵپشتی ئەمریکا و فەرەنسا، لە 27ی تشرینی دووەمی 2024، هێزەکانی ئیسرائیل چەندین جار هێرشیان کردووەتە سەر شوێنەکانی لوبنان بە بیانووی بە ئامانجگرتنی پێگەکانی حیزبوڵڵا.

هەروەها هێشتا ئیسرائیل لە پێنج ناوچەی باشووری لوبنان نەکشاوەتەوە، هەرچەندە کاربەدەستانی لوبنان داوای کشانەوەی سوپای ئیسرائیلیان لەو ناوچانە کردووە و پرسی کشانەوەی سوپای ئیسرائیلیش لە بڕگەکانی ڕێککەوتننامەکەدا جێگیرکراوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP