هەرێم نیوز
ئەمڕۆ ئهنجومهنی نوێنهرانی عیراق دانیشتنی ئاسایی خۆی ئهنجام دەدات و تیایدا حهوت بڕگه تاووتوێ دهكات، كه گرنگترینیان پڕۆژهیاسای دهستهی حهشدی شهعبی-یه.
بە گوێرەی ڕاگەیەنراوی فەرمانگەی ڕاگەیاندنی پەرلەمانی عێراق، ئەمشەو کاتژمێر 08:00 کۆبوونەوەکانی پەرلەمان دەست پێ دەکەنەوە.
بە گوێرەی کارنامەکە، یاسای خزمەت و خانەنشینی حەشدی شەعبی لەناو ئەجێندای کۆبوونەوەکەدایە و بڕیارە خوێندنەوەی یەکەمی بۆ بکرێت.
یاساکە لە 18 ماددە پێک هاتووە و تێیدا ڕێکخستەنەوەی حەشد، مۆڵەت، دەرماڵە، پلە بەرزکردنەوە و خانەنشینی لەخۆ دەگرێت.
هێزە شیعییەکان ناکۆکی قووڵیان لەسەر یاساکەی حەشدی شەعبی هەیە و هەردوو فراکسیۆنی دەوڵەتی یاسا و سادیقوون، لە ماوەی ڕابردوودا بەهۆی ئەوەی یاساکە نەخرایە کاری پەرلەمانەوە، بایکۆتی کۆبوونەوەکانیان کرد.
هاوکات د. بڕیار رەشید ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق رایگەیاند: "سەبارەت بە پڕۆژەیاساكە، كێشە لەنێوان فراكسیۆنە عەرەبییەكاندا هەیەو هەر ئەوەشە نزیكەی 50 رۆژە دانیشتنەكانی ئەنجومەنەكەی راگرتووە، بەڵام ئێمە وەك فراكسیۆنە كوردستانییەكان بەشێك نین لەو كێشەیە"
پڕۆژەیاسای دەستەی حەشدی شەعبی، كێشەی لەنێوان سەركردەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی دروست كردووە، هەندێكیان لەگەڵ ئەوەدان بەزوویی تێبپەڕێندرێت، هەندێكی دیكەشیان تێبینیان لەسەری هەیە، چونكە بەگوێرەی پڕۆژەكە، 4 هەزار ئەفسەرو فەرماندەی حەشدی شەعبی خانەنشین دەبن.