هەرێم نیوز
وەزیرى کارەبا رایگەیاند، ژێرخانى کارەبا هەشت هەزار مێگاواتە و لەو بڕە چوار هەزار و 500 مێگاوات کارەبا بەرهەمدەهێندرێت.
کەمال محەمەد، وەزیرى کارەباى حکومەتى هەرێمى کوردستان پێشوازیی لە خولیان گارسیا، بەڕێوەبەری گرووپی کۆمپانیاکانی ئیمافیا و فارادای و ژووری بازرگانیی ئیسپانیا- عێراقی کرد.
لەو دیدارەدا، کەمال محەمەد، وەزیری کارەباى حکومەتى هەرێمى کوردستان رایگەیاند، " ژێرخانی کارەبا هەشت هەزار مێگاواتە و ئێستا چوار هەزار و 500 مێگاوات بەرهەم دەهێنرێت و لە پلاندایە بەرهەمهێنانی زیاتر بکرێت".
وەزیری کارەبا ئامادەیی وەزارەتەکەی بۆ پێشکەشکردنی هەموو کارئاسانی و هاوکارییەک بۆ وەبەرهێنان لە سێکتەرە جیاوازەکانی کارەبا دەربڕی، لەبەرامبەردا شاندی میوان ئامادەیی کۆمپانیاکانی وڵاتەکەیان دەربڕی بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەی بەرهەمهێنانی کارەبا بە" وزەی خۆر و با" هاوکات ئەنجامدانى توێژینەوە و پێشکەشکردنی مینحە بۆ جێبەجێکردنی پرۆژەکانی کارەبا.