دواین هەواڵ

کوردستان‌

 7 کاتژمێر پێش ئێستا

مافی مرۆڤی تورکیا: داوا لە کۆماری تورکیا دەکەین کۆمەڵکوژی هەڵەبجە بە جینۆساید بناسێنێت

هەرێم نیوز
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی تورکیا ڕایگەیاند، داوا لە کۆماری تورکیا دەکەین لەم ساڵیادەدا کیمیابارانکردنی هەڵەبجە بە جینۆساید بناسێنێت.

 کۆمەڵەی مافی مرۆڤی تورکیا کە کۆمەڵەیەکی سەربەخۆیە، لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند، لەسەردەمی سەدام حسێندا، دەسەڵاتی بەعس سیاسەتی لەناوبردن و سڕینەوەی کوردی پەیڕەوکردووە.

ئەوەشی خستەڕوو، لەچوارچێوەی ئەو سیاسەتەدا. عەلی حەسەن مەجید کە نازناوی عەلی کیمیایی لێنراوە، ئەرکی سڕینەوەی کوردی لە عێراق پێسپێردرابوو، لە ساڵی 1983ەوە تاوەکو 1991 زیاتر لە 200 هەزار کوردی کوشتووە.

ڕوونیشیکردەوە، لە 16ی ئازاری 1988دا بە بەرچاوی جیهانەوە یەکێک لە دڕندانەترین جینۆسایدەکانی مێژوو ئەنجامدرا. تاوانەکە وەک کۆمەڵکوژی هەڵەبجە چووە نێو مێژووەوە و بەهۆیەوە زیاتر لە پێنج هەزار کورد گیانیان لەدەستدا و لانیکەم 10 هەزار کەسیش برینداربوون.

کۆمەڵەکە داوای لە کۆماری تورکیا کردووە، بەهۆی ئەوە زۆرترین ژمارەی کورد لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست لە وڵاتەکە دەژی، کۆمەڵکوژیی هەڵەبجە بە جینۆساید بناسێنێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP