شوان ئەحمەد
(فەلسەفەی سپینۆزا و جەوهەر)، بەرهەمێکی تری پرۆژە فەلسەفیە دەوڵەمەند و پڕ بایەخەکەی، فەلسەفەکاری کورد (د. محەمەد کەمال)ە.
لە بەشی یەکەم و لە دەسپێکی کتێبەکەدا، بە وروژاندنی پرسیاری (بۆچی لە فەلسەفەی سپینۆزا دەکۆڵینەوە؟)، دەیەوێت هەم پێگە و بایەخی سپینۆزامان لە مێژووی فەلسەفەدا پێ نیشان بدات، هەم گرنگی ئەومان لەم ساتە وەختەدا، بۆ کولتوور و کۆمەڵگە و ڕۆشنبیری کوردی بۆ ڕونبکاتەوە.
بە درێژایی پێنچ بەش و ئەنجام گیرییەک کە(٢٤٠) لاپەڕەیەک دەکات، وەڵامی ئەو پرسیارەمان دەسگیر دەبێت و بەو ڕاڤە و شیکردنەوانەشی کە بەوردی و بە قوڵی ئەنجامیان دەدات، خوێنەرانی ئێمە بە فیکر و دیدگای فەیلەسوفێک ئاشنا دەبن کە مەزنە فەیلەسوفێکی وەک هیگڵ، لە مێژووی فەلسەفەی خۆرئاوادا، جێگەیەکی تایبەتی بۆ دیاریکردووە و بە سەرەتایەکی گەورەی بیرکردنەوەی فەلسەفی داناوە.
لەو بەشەدا کە لەژێر تایتڵی (سپینۆزا و دۆگمای بڕوا)دایە، د. محەمەد کەمال دەڵێت: (لە وانەکانیدا لە سەر مێژووی فەلسەفە و لەو بەشەدا کە باسی سپینۆزا دەکات، هیگڵ دەنووسێت: تۆ یان سپینۆزاییانە بیر دەکەیتەوە، یان فەیلەسوف نیت).
لە پای ئەو بۆچونەی هیگڵ و درککردنی فەلسەفەکارێکی وەک د. محەمەد کەمالیش بە سەنگ و قورسایی سپینۆزا، دەپرسێت: (تۆ بڵێی هەموو بیرکردنەوەی فەلسەفە، بۆ سپینۆزا بگەڕێتەوە؟).
گەر هەموو بیرکردنەوەی فەلسەفەش بۆ ئەو نەگەڕێتەوە، ئەوا ئەوەی بۆ تۆمار دەکرێت کە وەک بیرمەندێکی گەورە و مێشکێکی کراوەی سەردەمی خۆی (١٦٣٢ – ١٦٧٧ )، توانیویەتی بەرەنگاری کولتوورێکی داخراوی نا لێبوردە و دۆگما بوەستێتەوە.
ئەوێک کە تەواوی ژیانی بۆ بیرکردنەوەی فەلسەفیانە و بەرگریکردن لە ئەقڵ تەرخانکردبوو، بیریارێکی ڕەسەن بووە و ڕێگەی نەداوە ئەو کولتوورە سەرکوتکەر و داخراوەی تێیدا ژیاوە، کۆنترۆڵی بکەن و بواری بیرکرنەوەی لێ دابخەن.
گرنگییەکی دیکەی سپینۆزا، وەک فەیلەسوفێک لەوەدایە کە بەبێ خوێندن لە بواری ئەکادیمیا و لە زانکۆکاندا، توانیویەتی سیستەمێکی نوێی فەلسەفی بهێنێتە ئارا.
بەگشتی ئەم کتێبە وەک سەرچاوەیەکی گرنگ، بۆ ئاشنابوون بە سپینۆزا و فەلسەفەکەی دادەنرێت.
ئەمەش هەوڵێکی دیکەی مرۆڤێکە کە لەخۆبردوانە و بە بێدەنگی کاری خۆی دەکات و ساڵ بە ساڵ کتێبخانەی کوردی، بە سەرچاوەی فیکری و فەلسەفی گرنگ دەوڵەمەند دەکات.
لە مساڵدا(فەلسەفەی ئیمانوێل کانت و فەلسەفەی سپینۆزا و جەوهەر)و ساڵانی پێشوو تریش، ژمارەیەکی زۆر لە سەرچاوەی گرنگی فەلسەفی (چ بە نوسین و چ بە وەرگێڕان)و بۆ ساڵانی داهاتووش، چاومان لەسەر بەخششی زیاتر و زۆرترە.
ستایشکردنی هەوڵ و ماندوو بوونەکانی د. محەمەد کەمال، تەواو نابێت. ئاخر ئەو لەو مرۆڤانەیە بەرپرسانە و خاکیانە کار دەکات و لەو چاوگ و سەرچاوە فیکری و فەلسەفیانەش دەگەڕێت کە دەشێت، دەرەتانێک بە ڕووی مرۆڤی کورد و جڤاتی کوردیدا بکەنەوە.
دواجار وەک ئەدۆنیسی شاعیر دەڵێت : (ئیدی ئەمە ژیانە... هەندێک گەڵا دەخەنە بن هەنگڵیان و هەندێکیش با). د. محەمەد کەمالیش نمونەی ئەوانەیە کە بایان لە هەنگڵ ناوەو هونەری فڕین شارەزایەو ئاسمانی فیکر و فەلسەفەی پێ تەیدەکات.
بە هیوای بەرهەمی زیاتر و کاری جوانتر.