دواین هەواڵ

کلتور‌

 پێش 2 هەفتە

ئادیابین، زیندوێتی مێژوو و گێڕانەوەی شکۆ لە شاکارێکی هونەریدا

ئاسۆ حاجی

کە وەرزی دووەمی زنجیرە درامای ئادیابینم بینی لە سەر شاشەی ڕەسەن و بە سەنگی کوردستان تی ڤی، هەستێکی خۆش دایپۆشیم، ئۆخەیەکی بە دەروونم داهات، لە بەر دوو خاڵ:
یەکەم، ئاماژەکانی دەربازبوونی درامای کوردی بەدیارکەوتووە، لەو چەقبەستوویەی تێی کەوتبوو، لە ڕووی بیرۆکە ودەق و چنینی دڕامی و دەرهێنان.

دووەم، لە دەست پێکردن بە گێڕانەوەی مێژووی شکۆمەندی خەڵکی کوردستان، لە ڕێگای ژانەرە هونەرییەکان بە تایبەتی دراما، لە ئاستێکی بەرزی هونەری دا. کە بینەر ناچار دەکات بە دیارییەوە بێت و وەرگر بە هەموو هەستەکانیەوە لەگەڵی کارلێک بکات.

پار کە وەرزی یەکەمی ئادیابین پێشکەش کرا، هەندێک بۆچوون و پێشبینی هەبوون، کە وەک (پەلاری کۆرەیان) دادەنا و درێژە پێدان بەو ئاستە و شێوازی ئیشکردنەیان بە کارێکی ئەستەم هەژمار دەکرد. بەڵام هاتنی وەرزی دووەم ئەو بۆچوونانەی بەتاڵ کردەوە. سەلمێندرا کە توانا و لێهاتووی هونەری هەیە، ئەگەر کەسانێکی دڵسۆز و تێگەیشتوو لە گرنگی و بایەخی دراما، خۆیانی لێ بکەنە خودان و شانی بدەنە بەر. ئەوەیان بە ڕوونی لە هەردوو وەرزی ئادیابینەوە دیارە، کە ناوی (نینۆس نمرود) خاوەنی بیرۆکەکە و بڕیاردەری پڕۆژەکەی لەسەرە، کە ئومێد و چاوەڕوانی زیاتری لێدەکرێت.

ئادیابین، وەک پڕۆژەیەکی هونەری گەورە و تۆمارێکی مێژوویی پڕ شکۆ، سەربردەی ئەو ڕۆژ و کەسایەتییە مەزنانەمان بۆ دەگێڕێتەوە، کە بوونەتە باوک و ڕابەرانی بیری نەتەوەیی و نیشتیمانی کوردستان، لە سەرووی هەموویانەوە مەلا مستەفا بارزانی نەمر، کە لە سەردەستی ئەو و لە سەردەمی شۆڕشەکەیدا، بۆ یەکەمینجار زاکیرەی هاوبەشی نەتەوەیی و نیشتیمانی لە نێو نەتەوەی کورد و گەلی کوردستان بە هەموو پێکهاتەکانیەوە دروست بوو، ئادیابین ڕێک ڕەنگدانەوەی ئەو بیر و ڕێباز و مێژووە زیندوویە، کە بەرهەمەکەی ئێستا لە سایەی دەژین و قەوارەی دەستوری کوردستانی لێ وەبەرهاتووە.

ڕەنگە بڵێن، کە هێشتا تەنها چەند خەلەکێک لە زنجیرە درامای ئادیابین پێشکەشکراون و هێشتا زووە قسەی دەربارە بکرێت، بەڵام ئەوەی تا ئێستا لە وەرزی دووەم بیندراوە، کە تەواوکەری وەرزی یەکەمە، ئەوەمان پێدەڵێت، کە ئادیابین لە بیرۆکە و چنینی چیڕۆک و بەرهەمهێنانی لە ئاستێکی هونەری بەرز بەڕێوەچووە، کە دەتوانم بێ دوودڵی بڵێم تەجاوزکردنی بازنەی نەریتی و خۆدووبارەکردنەوەی درامای کوردیە، کە لە ساڵ و دەیەکانی ڕابردوو پێیان ڕاهاتبووین.

دڵنیام کەسانێک کەو کوژی بەرامبەر ئادیابین دانیشتوون، بە مەبەستی جۆراوجۆر لە کونی دەرزیەوە بەدوای هەلە و کێماسیەکانی دادەگەڕێن و تۆماریان دەکەن. کە ئەوانە ناچنە خانەی ڕەخنەگرتن. چونکە ڕەخنەگرتن پڕۆسەیەکی زانستی و ئەدەبی و ئەخلاقیە، پێوانە و تەرازووی خۆی هەیە، کە جێگای تۆلەکردنەوە و ڕکابەری و شەڕی سیاسی و ناوچەگەری و دووبەرەکی نیە، ئەگەر نا هیچ کار و بەرهەمێک بە ئادیابینیشەوە نیە شایەنی ڕەخنە لێگرتن نەبێت و بێ کەموکوڕی بێت.

بۆ تۆڕی میدیایی کوردستان (کوردستان تی ڤی) ئەگەر ئادیابین جێگای شانازی و دڵخۆشی بێت، لە هەمان کاتدا دەبێت هاندەرێک بێت بۆ بەخۆداچوونەوە، کە بەرنامە و بڕگەکانی دیکەیان تا ئەو ئاستە بەرز بکەنەوە. ئەگەرنا شاشەکەیان وەک کەسێکی شان خوار و تەنێکی ناڕێک دێتە بەرچاو، ئادیابین بە تەنیا کاریگەری لە ڕێژە و ژمارەی بینەرانی نابێت، ئەو بارخوارەی چەندین ساڵە بە تەنیا بە ئادیابین ڕاست ناکرێتەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP