هێمن مەحموود
پەرییەکی بچکۆلەی غەمبارم دۆزیوەتەوە
ماڵی وا لەژێر چنارێکە
پەرییەکی بچکۆلەی غەمگین
شەوێکیان با لەگەڵ خۆیدا بردی...!
ماوەی پێنج شەوە هەر شەوەی بۆ ماوەی 2 کاتژمێر زیاتر لە 100 لاپەڕەی ئەم ڕۆمانەم خوێندووەتەوە، دەتوانم بڵێم یەکێکە لەو ڕۆمانانەی کە حەزم نەدەکرد تەواو ببێت.
چیاکانیش دەنگیان دایەوە سێیەم ڕۆمانی ڕۆماننووسی خالید حوسەینی بە ڕەگەز ئەفغانییە کە پزیشکە و لە ئەمریکا نیشتەجێیە.
ئەم ڕۆمانە ڕۆمانێکی ئاڵۆز و تێکەڵ و پڕ ڕووداوە، یەک گێڕەرەوەی تێدانییە بەڵکوو ژمارەیەکی زۆر گێڕەرەوەی تێدایە و زەمەنێکی دوورودرێژ و چەند نەوەیەکی یەک لەدوای یەک کە لە ساڵانی سەرەتای پەنجاکانەوە درێژ دەبێتەوە تاوەکوو کۆتایی ساڵانی دوو هەزارەکان.
شوێنی ڕوودانی ڕووداوەکانیش ئەفغانستانی دایک و فەرەنسا و ئەمریکا و چەندین شوێنی دیکەیە، کەسایەتییەکانیش جۆراوجۆر و تەمەنی جیاجیان.
چیاکانیش دەنگیان دایەوە چیرۆکی ونبوون و دابڕان و خیانەت و هەژاری و پارە و شیعر و خۆشەویستی و عەشقە، چیرۆکی خۆشەویستی خێزان و وەفا و بنەچە و دۆزینەوەی کەسی ون بووە.
دەتوانم بڵێم سەرەتای ئەم ڕۆمانە و کۆتاییەکەی زۆر نایاب و جوانە لە هەمانکاتیشدا زۆر سۆزدارانە و حەزینە.
تەواوی ڕۆمانەکە بە دەوری یەک خاڵدا دەسووڕێتەوە، فرۆشتنی پەری و دۆزینەوەی پەری.
ئەم ڕۆمانە پڕە لە ئیحساس و هەستی جوان، پڕە لە دڵناسکی ئینسان، لە هەندێک شوێندا دەتکاتەوە بە مرۆڤ، بە مرۆڤە ڕاستەقینەکەی ناخمان نەک ئەو مرۆڤە ساختەیەی ڕۆژانە نمایشی دەکەین بۆ بەرامبەرەکانمان، دەتکاتەوە بە خۆت.
چیرۆکی پەری چیرۆکی تەواوی ڕۆمانەکەیە کە تەواوی کەسایەتییەکان و ڕووداوەکان و زەمەن و شارەکان و جەنگەکان ناتوانن کاڵی بکەنەوە و دواجار دەگەڕێنەوە بۆ لای ئەو.
ئەم ڕۆمانە کولتووری ئەفغانییەکان، شێوازی ژیانیان و شەڕ و ماڵکاولی، ئاوارە و دەربەدەری، کۆچ و هەڵاتن زۆر بەجوانی دەخاتە ڕوو.
دەستخۆشی بۆ وەرگێڕیش کە بە کوردییەکی زۆر جوان و ئاسان خستویەتیە ڕوو، هیوادارم کاتتان هەبێت بیخوێننەوە.
"شارەکان، جادەکان، لادێیەکان، ئەو کەسانەی کە دەمدیتن هەموویان وا خەریکە کاڵ دەبنەوە. بە خۆم دەڵێم من بەدوای شتێکدا دەگەڕێم، چاوەڕێ بووم شتێکم بەسەر بێ. شتێک کە هەموو شتێک دەگۆڕێت، شتێک کە بە هەموو عومرم چاوەڕێی بووم"