دواین هەواڵ

کلتور‌

 19 کاتژمێر پێش ئێستا

سیحری جاویدانی كتێب

ئەنوەر بازگر
* فرانسۆ ساگان، هەر كە گەیشتە پاریس چوو بۆ شەقامی كتێبفرۆشان، شەیدای كتێبەكانی ستانداڵ، ئەندرێ ژێد و مارسێل پرۆست بوو، دواتر پڕیدایە دیوانەكەی پول ئێلوار.

* ئێزابێل ئالێندەی نووسەری شیللی بە كتێبەكانیەوە، دونیای سەرسام كرد.
* بە عیشقی نووسین و كتێبەكانییەوە بوو، كە مارلین مۆنرۆی شاجوان، عاشقی ئارسەر میللەر بوو،  جیا لەوەی بە بەهاترترین دیاری بە قسەی خۆی، كە لە میللەری وەرگرتبوو، ڕۆمانی مادام بۆڤاری گۆستاڤ ڤلۆبێلر بوو، كە گوایە هەر ئەو كتێبە بە چارە ڕەشی ژیانی گەیاند.
تەنانەت كاتێك خۆی كوشت و تەرمەكەیان لە ماڵەكەیدا دۆزییەوە، بەتەنیشت جێ خەوەكەیەوە ڕۆمانەكەیان دۆزییەوە.

* سەمەدی بەهرەنگی، ئەو هەموو عیشق و خۆشەویستییەی لای خەڵكی ئێران بەدەستهێنا و پاش مەرگی و تا ئێستاشدەستاودەست دەكەن، هی ئەفسانەی خۆشەویستی و ماسیە ڕەشە بچكۆڵەكە و یۆڵدز و قەلانە.
* بوزورگى عەلەوى، ئەو رۆمانەى بوە ناسنامەى ئەبەدى و ناو و ناوبانگى، جانتا نەبوو، ڕۆمانە بەناوبانگەكەى بوو، چاوەكانى.

* پۆل ئیلوار، غەدری گاڵاو دیوانە ناسك و نازدارەكەی بوو، كردیە پاشای شیعری فەڕەنسی.
* ماكس ڤێرمین، بە گەنجی بوە سەر وێردی زمانی خەڵك و ڕۆژنامەكان، بە ڕۆمانی بێ خوێن.

* یەشار كەمال، وەختێی بوە سیمبوڵی گوندنشینان و ئینسانەكانی چقورئاوا، بە چی؟ بە ڕۆمانەكانی، بەردەوام بە ڕێگای دادگا و زیندانەوە بوو لەبەرچی؟ لەبەر نووسینەكانی، كە وتی؛ دەتوانن دەریاكان وشك بكەن، بەڵام ناتوانن ماسییەكان ڕاو بكەن، لەبەر تەنەكە حەمەدۆك، گیای نەمران، كتێب بوە سەرمایەی ژیانی.

* كتێب وەها سیحرێكی لە خۆیدا حەشار داوە، دەبێ ئینسان ڕۆبچێتە ناو قوڵایی ناخی حیكایەت و ژانەكانیەوە، تا لە چەشنی ئاوێنە، خۆی تێدا ببینێت و ڕووخساری بڕازێنێتەوە و ڕووحی پڕكات لە نەمری و خۆش بەختی.
ئەفرێنەرەكان زۆریان لە ڕێگای كتێب و نووسینەوە خۆیان دۆزیەوە، نووسەر بوون بە جیهانی ناساندن و بەختەوەری بەنسیب كردن.
* جەیمس جۆیس-ی ئێرلەندی كاتێ ڕوویكردە خوێندنی پزیشكی شكستی خوارد، بەردەوام خەریكی خواردنەوە و سۆزانیخانەكان بوو، زۆرجاریش چاوەڕێی هاوڕێكانی دەكرد تا پارەیەكی بۆ تێركردنی سكی بۆ بنێرن. بەڵام كاتێ جۆرج راسڵ پێشنیاری بۆ كرد چیرۆك بنووسێت، بوە نووسەرێكی ناودار و خاوەنی ڕۆمانەكانی مۆسیقای مەجلیس و هونەرمەند لە تافی لاوێتیدا، واتا خۆدۆزینەوەی جۆیس لەناو كتێب دابوو.

* نووسەرێكی گەنجی دەیەی حەفتاكان تەنها لەڕێگەی كتێب و نووسینەوە زوو كەوتە بەرچاوی خەڵكی، خوێنەران و خۆشەویست بوو، ئەو عاشقی هەقیقەتە.

دیقەت بدەن چۆن باسی بە ئەرزشی كتێب دەكات: "كتێب وایكرد بەجیهانەوە پەیوەست بم".
شتێك دەتوانێ بە گەردونەوە پەیوەست و ئاڵودەت بكات، ڕەنگە كتێب بێت.
ئەم كچە شۆخە ئەلیف شەفەقە و حیكایەتی سەركەوتووی ئەم سەدەیەیە، لەبارەی نووسەری گەورە واڵتەر بینامین دەڵێ: "هیچ لەوە خۆشتر نییە، پێش خەوتن بینامین بخوێنیتەوە".

كتێب بۆ ڕازاندنەوەی ماڵ نییە، بەڵكو بۆ تێركردنی ڕووحە لە خۆش بەختی.
* وەكو چۆن جوبران خەلیل دەیوت:

"شەراب بۆ سرووش دەگوشرێت، نەك بۆ بەدمەستی".
* ئەوە كتێبە، ئەوە شیعر، ڕۆمان، نۆڤڵێت، شانۆیە، كە بەردەوام وشەی "لەیلا" دووبارە دەكاتەوە، وەكو تەها حوسێن دەیوت: "شاعیرێك نییە عیشقی كردبێت و ناوی لەیلای نەهێنابێت"، بەڵام كتێب و شیعر، ئەم سیحرە عاشقانەی بە لەیلا بەخشی.

* بەختیار عەلی، كە نوسەرێكی دەگمەنە لەناو كورددا، باشتر لە زۆر لە نوسەرانی تر، هەستی بەم سیحر و گەورەیەی كتێب كردوە، بۆیە زۆرتر و زووتر، ناسرا، ڕۆمانەكانی دەتوانن شان لە شان ئەو ئەدیبانە بدات كە باسمكردوون.

* مەبەستمە بڵیم بەس ئەو نا، بەڵكو نووسەران و شاعیران، چیرۆكنووسانی زۆر هەن، كە دەورونەخشیان هەبوە و هەیە.
* بەڵام ئەم حیكایەتە دەمەوێت بەوە تەواو بكەم، كتێب بەو هەموو سیحر، گەورەیی، نازداری، جاویدانی و هیومانیستییەوە، هێشتا لە كۆمەڵگەی كوردستان، هێشتا كوردەكان وەك پێویست لەگەڵی ڕانەهاتوون.

هێشتا بە ملیۆنان ئینسانی كورد هەیە، ڕۆژێك بۆنی كتێبی نەكردوە.
كتێبێك لە ڕەفەی ماڵە ڕازاوەكانیاندا نییە.

هێشتا پێیوایە، فریاد ڕەسی دەردو و مەینەتییەكان و میحنەتەكانیناخی نییە.
هێشتا گاڵتە بە ئێمە و مانان دەكات، كە خەریكی چاپ، وەرگێڕان و خزمەتی كتێب دەكەین.

هێشتا ئەو بەرپرسەی كە بودجە و مووچەی سەرچاوەی كار و كتێبەكانی بڕیوە، هەر بەوەندە نەوەستاوە، خەریكی خنكاندنمانە.

* خەفەت لەوە دەخۆم، كە هێشتا گەلی كورد، ئەهمیەت و پیرۆزی سیحری كتێبی نەدۆزیوەتەوە، كە هیوادارم هەرچی زوە ئەو سیحرە بۆ خۆشەویستی خۆیان بخەنە ناو ماڵ، جانتا، جزدان و باخەڵیانەوە، ژێر سەرینی خەوەكانیانەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP