دواین هەواڵ

کلتور‌

 1 رۆژ پێش ئێستا

ڕووبار خالید.. ئەكتەرێك بۆ هەموو كاراكتەرێك

حەیدەر عەبدولڕەحمان

به ڕێكەوت نەبووە بگاتە ئەو قۆناغە بەرچاوە لە شانۆو سینەماو درامای كوردی دا، بەڵكو ئەو لەبنچینەوە ڕەگێكی درامایی لە جەستەو ڕۆحی دا هەبووە، كە گەشەی پئ بداو ئەو توانایە دروست بكات، ڕوو بە ڕووی ڕۆڵە سەخت و فۆرمە جیاوازەكان بێتەوە لە نواندندا.

ئەو ئەگەرچی وەك ئەكتەر لەبواری شانۆو دراماو سینەما كاری نواندنی كردووە، بەڵام هونەری ئەو لە نێوان ئەو سێ‌ ڕەهەندە جیاوازە ئەوە بووە، كە دوور بووە لە قالبی یەك فۆرمی، بەڵکو هەر یەك لەوان جیهانێكی تایبەتمەندی خۆیان هەبووە، جیاواز لەڕەهەندە هونەریيەكانی دیكە.

لە كاتێكا كێشەی هەرە گەورەی ئەكتەری كورد ئەوە بووە، كەكەم لەوان توانییویانە، لەو سێ‌ ڕەهەندە لێكتر جودایانە لە هەر یەكێكیان بە مۆرك و خەسڵەتی خۆیان كار بكەن ، بە تایبەت لە ڕووی جووڵەو ئیلقاو دەنگ و ریتم و جولانەوە.

بەڵام ڕووبار وەك ئەكتەرێكی خاوه ن ئه زموون بە ئاگاییەوە نواندنی كردووە، وەك ئەوەی ستایلەكە داخوازی لێ‌ دەكات .

هەندێ‌ جاركێشەی قەد گرتن بە فۆرمێكی دیاری كراو ئەكتەر هۆگری خۆی دەكات و لەچەند ڕۆڵێك بەكاری دەهێنێتەوە، بە تایبەت لەو رۆڵانەی سەركەوتنی تێدا دەبینن ، ئەو سەركەوتنە دەبێتە مۆركێكی چەسپاوی نەرێنی لە شوناسی ئەكتەرو ناتوانێت بە ئاسانی دەستبەرداری بێت و وەك خاڵێكی لاوازی نواندن لای دەمێنێتەوە.

من كە بەدواداچوون بۆ فۆرمی نواندن لە بەرهەمەكانی ڕوبار دەكەم، دەزانم ئەو حیسابێكی وردی بۆ ئەو ڕەگەزە گرنگەی نواندن كردووەو هوشیارانە ڕەفتار لەگەڵ گۆڕینی فۆرمەكانی نواندن دەكات، بە پێی گۆڕانی كاراكتەرەكانی.

مەرجە بۆ ئەكتەر جگە لە ستایل و فانتازیای دەرهێنەر ، ئەكتەریش بە پێی ئەزموون و تێڕوانینی خۆی خوێندنەوەی تایبەتی خۆی هەبێت بۆ دۆزینەوەی شوناسی ئەكتەرو نیشاندانی دیوی ناوەوەو دەرەوەی ئەو كاراكتەرە بە بینەر وەك پێویست.

ئەكتەر لەو حاڵەتانەدا ناكرێت بە دوای ڕێگە ساناكانی نواندندا بگەڕێت بۆ تێپەڕاندنی ڕۆڵەكەی، بەڵكو دەبێت بەدوای ئەو ڕەگەزانەدا بگەڕێ كە خەسڵەتێكی كاریگەر لە بونیاتی كاراكتەرێكدا بەرجەستە بكات كە ئەدا كردنی ئاسان نەبێت، بەڵام كاریگەریەكانی بۆ سەر دەروونی بینەر قوڵتر بێت.

بۆیە هونەری هەرە باڵای ئەكتەر لەوە دایە بە دوای ڕۆڵی سەخت دا بگەڕێ، بۆ ئەوەی خۆی لەوە تاقی بكاتەوە، كە تا چەند توانای بەرەنگار بوونەوەی ئەو ڕۆڵە سەختانەو بەدەست هێنانی سەرنجی بینەریان هەیە
ئەكتەر دەبێت ئاستی ئەزموون و هوشیاری بە ئەندازەیەك بێت، نەك تەنها بۆ بەرجەستە كردنی هەر كاراكتەرێك بخوازێ ئەدای نواندنەكەی بكات، لە هەمان كاتدا توانای گۆڕینی ستایلی هەبێت، لە شانۆ بۆ دراما ی سینەما، وەك چۆن كاتێ ( ڕووبار خالید) لەفیلمی شین، لە سینەما،دا دەبینی ڕووبارێكی جیاوازە لە نمایشی (بابلۆ) لەشانۆدا، یاخود لە درامای ئادیابین دا.

بۆیە ئەكتەر نابێت بازبازێن بكات لە نێوان ڕەهەندەكانی نواندن و ستایلەكانی، ئەگەر دڵنیا نەبێت لەتواناو لێهاتویی خۆی بۆ ئەوەی لە هەر سێ بواردا توانای كۆنترۆڵ كردنی خۆی هەبێت.

ڕەنگە هەموو ئەكتەرێك توانای ئەوەی نەبێت لەسەر هەر سێ پەتی شانۆ، دراما، سینەما یاری بكات، بینەر كاتێ لەهەر سێ حاڵەتدا ئەكتەر دەبینێ ، دەزانێ توانای ئەكتەرەكە لەكوێیە و لەكوێ دەتوانێ داهێنان بكات و لەكامەشیان دەچەقێ.

من ڕووبارم لە هەرسێ لادا دیوە، هەستم كردووە لە درامادا، بەتایبەت لە دراماكانی ئادیابین وبه رهو به رزاييه كان، توانیوویەتی نرخی خۆی بداتە كاراكتەرەكان.
فیلمی (شین) پێت دەڵێ كە ڕووبار ئەگەر دەرفەتی زێتری بۆ بڕەخسێ لە سینەمادا، ئەزموونی دەوڵەمەند تر بێت، لە شانؤدا، يان زێتر خۆی بە بینەر بناسێنێ، دەرهێنەرەكانیش زیاتر بەشداری فیلمەكانیان پئ دەكەن، چونكە ئەكتەر بە تەنها بەرهەمێك يان دووان ناتوانێت خۆی بە بینەر بناسێنێ.، ئەگەر لەچەند ستایلێک و چەند فۆرمێکی جیا جیا نەکەوێتە ژێر ئەزموونی سەخت و ئاستەنگی گەورەی نواندن،.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP