هەرێم نیوز
وەزیری دەرەوەی ئەمریكا رایدەگەیەنێت، واشنتن پاڵپشتی لە رێككەوتنی نێوان هێزەكانی سوریای دیموكرات و حكومەتی نوێی دیمەشق دەكات.
ماڕكۆ روبێۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریكا لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، وڵاتەكەی پێشوازی لەو رێككەوتنەی نێوان هێزەكانی سوریای دیموكرات و حكومەتەكەی دیمەشق دەكات كە ئامانج لێی بەهێزكردنی رۆژهەڵاتی ئەو وڵاتە و یەكپارچەیی خاكی سوریایە.
وتیشی، “ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا پاڵپشتی خۆی بۆ دۆخی سیاسی راگوزەری سوریا دووپاتدەكاتەوە و جەختیش لە پێكهێنانی حكومەتێكی دوور لە پێكدادانی ئایدۆلۆژیی مەزهەبی دەكاتەوە؛ لە پێناو دوورخستنەوەی وڵاتەكە لە پێكدادان و جەنگی ناوخۆیی”.
سەبارەت بە رووداوەكانی چەند رۆژی رابردووش كە پێكدادانی نێوان عەلەوییەكان و هێزەكانی حكومەتی نوێی سوریای لێكەوتەوە، روبێۆ ئاشكرایكرد، “لە نزیكەوە رووداوەكانی چەند رۆژی رابردووی سوریا و ئەو توندوتیژیانەی بەرانبەر كەمینەكان ئەنجامدران چاودێری دەكەین و تێبینییەكانیشمان پاش لێكۆڵینەوەكانی لیژنەی بەدواداچوون دەخینەڕوو”.
ئەمەش لە کاتێکدایە، رۆژى دووشەممە، فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات و سەرۆکی سووریا بۆ قۆناغى راگوزەر، رێککەوتنێکیان واژۆکرد و بەگوێرەى رێککەوتنەکە، ئاگربەست لە تەواوی سووریا رادەگەیەندرێت.
رێککەوتنەکە لەلایەن مەزڵوم عەبدی، و ئەحمەد شەرع، واژۆکرا و لە هەشت خاڵ پێکدێت.
بەگوێرەى رێککەوتنەکە، پێویستە تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ، خاڵەکانی رێککەوتنەکە لەلایەن لیژنە تایبەتمەندەکانەوە جێبەجێ بکرێت.