هەرێم نیوز
سەرۆککۆماری تورکیا ڕایگەیاند، "ئەگەر بێ کەموکوڕی جێبەجێ بکرێت، ئارامی و ئاسایش بۆ سووریا دەهێنێت”.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا سەبارەت بەو رێککەوتنەی لە نێوان ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سووریا بۆ قۆناخی راگوزەر و مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) واژۆکرا، ڕایگەیاند: "ئەو رێککەوتنەی دوێنێ کرا، ئەگەر بە بێ کەموکوڕی جێبەجێ بکرێت، خزمەت بە ئاسایش و ئارامیی سووریا دەکات. براوەش تەواوی برا سووریاییەکانمان دەبن".
ئەوەشی خستەڕوو، "ئەگەر عەرەب، تورک و کورد برایەتییان بەرزبکەینەوە دەتوانن یارییەکان تێکبدەن و داهاتوویان مسۆگەر بکەن."
لەبارەی پێکەوەژیان و رێککەوتنی نەتەوە جیاوازەکان لە ناوچەکە ئەردۆغان جەختی لەوەشکردەوە: "جگە لە رێزگرتن، دەست خستنە نێو دەستی یەکدی هیچ رێگەیەکی دیکەی رزگاربوونمان نییە، با ئەمە لە هزری خۆمان دەرنەهێنین. خوای گەورە لە شەڕی نێوان برایانمان کە ئەمپریالیزمی پێ خۆش دەبێت، بمانپارێزێت".
شەوی دووشەممە مەزڵووم عەبدی و ئەحمەد شەرعی ڕێککەوتنێکیان واژۆکرد و رێککەوتنەکە لە هەشت خاڵ پێکدێت؛ بەو پێیە، شەڕ لە تەواوی سووریا دەوەستێت و هەسەدە دەبێتە بەشێک لە دامەزراوەی بەرگریی دەوڵەتی سووریا.
هاوکات، لە رێککەوتنەکەدا هاتووە: "کۆمەڵگەی کوردی کۆمەڵگەیەکی رەسەنە لە دەوڵەتی سووریا و دەوڵەتی سووریا گەرەنتی مافی هاووڵاتیبوونی دەکات و هەموو مافە دەستورییەکانی بۆ دابین دەکات."