هەرێم نیوز
کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایدەگەیەنێت، پرۆسەی نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەران بە چڕی بەردەوامە و دەیانەوێت بە گرتنەبەری ڕێکاری فراوان گەرەنتی پاک و بێگەردی پرۆسەکە بکەن، تا 20 ملیۆن دەنگدەر بهێننە سەر سندوقەکانی دەنگدان.
عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی ڕاگەیاندن لە کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە ڕۆژنامەی سەباحی نیمچە فەرمی ڕاگەیاند، کۆمیسیۆن لە ئامادەکارییەکانی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەردەوامە و ئێستا بە چڕی کار لەسەر پرۆسەی نوێکردنەوەی تۆماری بایۆمەتری دەکەن.
ئاماژەی بەوەشداوە، کۆمیسیۆن خواستی ئەوەی هەیە بە ڕێکارەکانی، دڵنیایی بە هاووڵاتیان بدات و متمانە بۆ پرۆسەی دەنگدان بگەڕێنێتەوە، تا لانیکەم 20 ملیۆن دەنگدەر بێنە سەر سندوقەکانی دەنگدان، ئەوەش نزیکەی 70%ی ڕێژەی بەشداریی لە دەنگدان دەکات.
ئەمەش لە کاتێکدایە، لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق کە کۆتایی ساڵی 2023 بەڕێوەچوو، لە کۆی 26 ملیۆن دەنگدەر تەنیا 6 مليۆن و 600 هەزار کەس دەنگیاندا و ڕێژەی بەشداریی 25% بوو، ئەوەش نیشانەی پرسیاریی لەسەر متمانەی هاووڵاتیان بە کۆی پرۆسەی هەڵبژاردن لە عێراق دروست کرد.