هەرێم نیوز
لە ڕاگەیەندراوێکدا وەزارەتی سامانە سروشتییەکان دەڵێت، سەرقاڵی چارەسەری کێشەی بەرزبوونەوەی نرخی غازە و ئاماژە بەوەش دەکات: حکومەتی هەرێم گرێبەستی لەگەڵ هیچ كۆمپانیایەک نەكردووە بۆ دانانى سیستەمی دابەشكردنی غاز بەسەر ماڵان.
ئەمڕۆ پێنجشەممە، وەزارەتی سامانە سروشتییەكان ڕایگەیاند، لە نزیكەوە سەرقاڵی چارەسەری كێشەی بەرزبوونەوەی نرخی غازە كە ماوەیەكە بەهۆی شەپۆلی سەرماوە خواست لەسەری زیادی بووە و بەهۆیەوە نرخەکەی بەرز بووەتەوە.
وەزارەتەکە دەڵێت، بە توندی ئەو هەواڵانە رەت دەکەینەوە كە كەناڵێكی راگەیاندن نابەرپرسانە و دوور لە ڕاستی باس لەوە دەكات حكومەتی هەرێم گرێبەستێکی بۆ دابەشکردنی غاز بەسەر ماڵان کردووە.
جەختیشی کردووەتەوە: حکومەت گرێبەستی لەگەڵ هیچ كۆمپانیایەک نەكردووە بۆ دانانى سیستەمی دابەشكردنی غاز بەسەر ماڵان.
ئاماژە بەوەش دەکات، وەزارەتی سامانە سروشتییەكان بە مافی یاسایی خۆی دەزانێت و لە دادگا سكاڵا دژی ئەو كەناڵە تۆمار دەكات.