دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق دەستگیرکردنی باندێکی 9 کەسی بازرگانیی ماددەی هۆشبەریان ڕاگەیاند.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 5ی ئاداری 2025، دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق لە بڵاوکراوەیەکدا ڕایگەیاند، لە درێژەی ئۆپەراسیۆنەکانیان بۆ دەستگیرکردنی بازرگانی ماددەی هۆشبەر، هێزەکانیان دوای سێ مانگ چاودێری یەکێک لە مەترسیدارترین تۆڕە تاوانکارییەکانی تایبەت بە بازرگانی ماددەی هۆشبەریان لە بەغدا دەستگیر کردووە کە لە 9 تۆمەتبار پێكهاتوون.
لە کاتی لێکۆڵینەوەكاندا تۆمەتبارەکان دانیان ناوە بەوەی کۆگای سەرەکیی شاردنەوەی ماددە هۆشبەرەکانییان لە ڕۆژهەڵاتی شاری بەغدا هەبووە.
لە کۆگاكەدا 3.5 کیلۆگرام ماددەی هۆشبەر لە جۆری ماریجوانا، 220 كیسەی پلاستیکی پڕ ماددەی کۆکاین و ژمارەیەک دەمانچە دەستیان بەسەردا گیراوە، هەروەها لە ماڵی یەکێک لە تۆمەتبارەکان 458 ماددەی هۆشبەری لە جۆری LSD دۆزراوەتەوە.