هەرێم نیوز
بەڕێوەبەری گشتیی سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵ رایگەیاند، "بەهۆی ساردیی کەشوهەواوە، ئەم ساڵ وەرزی قەدەغەکردنی درێژترە لە پار."
رۆژی چوارشەممە، 05ـی 3ی 2025، رابەر محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی سامانی ئاژەڵ و ڤێتێرنەری لە وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان پە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "ئەم ساڵ لە 20ـی ئادار قەدەخەکردنی راوەماسی دەستپێدەکات و تاوەکو 20-6-2025 بەردەوام دەبێت."
بەراورد بە پار، ئەم ساڵ 15 رۆژ زیاتر کاتی راوکردنی ماسی درێژکرایەوە. رابەر محەممەد وتی، "ئەم ساڵ کەشوهەوا ساردترە بەراورد بە پار (کاتی ئێستا)، بەو هۆیەوە لێکۆڵینەوەی زیاترمان کرد و بڕیارماندا ئەم ساڵ کاتەکەی درێژتر بێت، بۆ سوودوەرگرتنی زیاتر لە سامانی ماسی."
سەبارەت بە سزای ئەو کەسانەی لەو ماوەیەدا ماسی راو دەکەن، رابەر محەممەد ئاماژەی بەوە کرد، سزاکان جیاوازن و دادوەرەکان دەستنیشانی دەکەن، سزاکە بەپێی جۆر و بڕی راوکردن و ئەو کەرەستەیەیە کە ماسییەکەی پێ راو دەکرێت.
ساڵانە لە مانگی شوبات تاوەکو مانگی حوزەیران راوەماسی لە هەرێمی کوردستان قەدەغە دەکرێت، چونکە ئەو ماوەیە وەزری زاوزێ و دانانی گەرای ماسییە.
بەگوێرەی ئاماری سامانی ماسی لە وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان، بەرهەمی ساڵانەی ماسی لە هەرێمی کوردستان 9 هەزار تۆنە، بەڵام خواستی ساڵانە دەگاتە 12 هەزار تۆن، ئەوەی دەمێنێتەوە هاوردە دەکرێت و زۆرترینیشی لە ئێرانەوە دەهێندرێت.