هەرێم نیوز
پارتی دیموکراتی کوردستان لەیادی ڕاپەڕیندا پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایدەگەیەنێت، جەخت لە ڕێکخستنەوەی نێو ماڵی کورد دەکاتەوە، دەشڵێت، بە باوەڕی پتەو و خۆڕاگریی و دڵسۆزیی ڕۆڵەکانی گەلەکەمان و هێزە سیاسییە نیشتیمانییەكانی و بە ڕەنج و قوربانی پێشمەرگە قارەمانەكان، شوورەیەکی پۆڵاینی كوردستان، وڵاتمان هەمیشە ئارام و ئاوەدان و پارێزراو و سەقامگیر ماوەتەوە و دەمێنێتەوە، سەرەڕای هەموو فشار و پیلانەكان.
سیشەممە، 4ـی ئاداری 2025، مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕاگەیاندراوێكی بە بۆنەی(34)ەمین ساڵیادی ڕاپەڕین بڵاو کردەوە کە تێیدا هاتووە، خەباتی گەلە خۆڕاگرەکەمان بە هەموو چین و توێژ و پێکهاتەکانیەوە بۆ گەیشتن بە ئامانجە ڕەواکانمان هەمیشە مایەی شانازی بووە.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە، لەم یادە شکۆمەندەدا، ئێمە لە پارتی دیموکراتی کوردستان، وەک هەمیشە و لەسەر هەمان پرەنسیپ و پەیامی ڕاست و دروستی پارتەکەمان، جەخت لەسەر ڕێکخستنی نێو ماڵی کوردستان دەکەینەوە، بەجۆرێک بە هەموو لایەکمان لەسەر پرسە ستراتیجییەكانی كوردستان، لە داكۆكیكردن لە مافە ڕەوا و دەستوورییەكانمان لە خاكەكهمان هاوئاراستە و هاوگوتار بین.
ئاماژەی بەوەش داوە، لە سەروبەندی یادی ڕاپەڕیندا، هەلومەرجی سیاسیى ناوچەکە بە گشتی و عێراق بەتایبەتی لە قۆناغێکی هەستیار و گرنگ دایە، گۆڕانکاری دیار و بەرچاو روویانداوە، بۆیە پێویستە هەموو لایەک لەسەر ئاستی سیاسی و حوکمڕانی هەرێمی کوردستان لەلایەک جەخت لەسەر سەقامگیریی و پاراستنی دەستکەوتەکانمان بکەین
دەقی پەیامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان بە بۆنەی(34)ەمین ساڵیادی ڕاپەڕین:
ئەمڕۆ یادێکی پڕشکۆیە لە مێژووی سەرفرازی و سەرەوەریی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلەکەمان، (34) ساڵ بەر لە ئەمڕۆ جەماوەری کۆڵنەدەری كوردستان وەک گڕکان بەڕووی جەور و ستەم و سەرکوتکاریی تەقیەوە و لاپەڕەیەکی دیکەی نوێی تێکۆشانی خۆی نووسیەوە.
دیرۆکی درێژخایەنی خەباتی گەلە خۆڕاگرەکەمان بە هەموو چین و توێژ و پێکهاتەکانیەوە بۆ گەیشتن بە ئامانجە ڕەواکانمان و بەدیهێنانی مافە زەوتکراو و پێشێلکراوەکانمان، هەمیشە مایەی شانازی بووە بۆ نەتەوە و بزووتنەوەی سیاسی و نەوە یەک لەدوای یەکەکان.
مێژووی نەتەوەیی و نیشتیمانیمان بە قوربانیدان و هەڵوێست و ئیرادەی ڕۆڵە وەفادار و بەئەمەک و دڵسۆزەکان نەخشێنراوە، ئەو هێزە لە بن نەهاتووەی هەمیشە قەڵغان و سپەری بەردەم ستەم و زۆرداری و سەرکوتکردن بوون، لەو ڕوانگەیەشەوە سەلماندیان کە هێزی گەل هاوشان لەگەڵ هێزى پێشمەرگە، هێزی ڕاستەقینەی شۆڕش و بەرخودان و ڕاپەڕینە و چۆک دانادا.
یەکێک لەو ئەڵقە هەرە چارەنووسسازانەی تێکۆشان و بەردەوامبوونی خەباتی نەپساوەمان، ژیلەمۆی ڕاپەڕینە شکۆدارەکەی (5ی ئاداری 1991) بوو کە بەهیمەت و بەشداریی جەماوەری دڵسۆز و خەڵكی تێكۆشەر و لەخۆبردوو و بڕیاری سەرکردایەتی سیاسی بەرەی کوردستانی و هێز و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان لە شاری ڕانیەی دەروازەی ڕاپەڕین، هەڵگیرسا.
زنجیرەی بەرخودان و ڕاپەڕین، وەک پەیامێکی ڕەوا و هەقیانەی گەلەکەمان و پێویستییەکی قۆناغەکە هاتە ئاراوە، هەوێن و هەنگاوێکی مەزن و هیوابەخش بوو بۆ بونیاتنانی ئەزموونێکی نوێی فەرمانڕەوایی لەساڵی(١٩٩٢)دا کە خۆی لە پەرلەمان و حکوومەتی هەرێمی كوردستاندا بینیەوە و بووە بەرجەستەکاری ڕاستەقینەی خواست و ویستی جەماوەری ڕاپەڕیوی كوردستان.
ڕێگای بە دامەزراوەییکردن و بونیاتنان و ئاوەدانکردنەوە ڕێگایەکی ئاسان نەبوو، بەڵکو تا بە ئەمڕۆش دەگات کۆمەڵێک کێشە و گیروگرفت و قەیران لەسەر هەردوو ئاستی ناوخۆیی هەرێم و دەرەوە بەرەوڕووی ئەو قەوارە سیاسییەی هەرێم دەبنەوە، هەر لە ڕووی سیاسی و ئابووری و ئەمنییەوە تاکو هەوڵە نەزۆكەكانی بنکۆڵکردن و لاوازکردنی، بەڵام بە باوەڕی پتەو و خۆڕاگریی و دڵسۆزیی ڕۆڵەکانی گەلەکەمان و هێزە سیاسییە نیشتیمانییەكانی و بە ڕەنج و قوربانی پێشمەرگە قارەمانەكان، شوورەیەکی پۆڵاینی كوردستان، وڵاتمان هەمیشە ئارام و ئاوەدان و پارێزراو و سەقامگیر ماوەتەوە و دەمێنێتەوە، سەرەڕای هەموو فشار و پیلانەكان.
هاووڵاتیانی خۆشەویستی كوردستان
لەم یادە شکۆمەندەدا، ئێمە لە پارتی دیموکراتی کوردستان، وەک هەمیشە و لەسەر هەمان پرەنسیپ و پەیامی ڕاست و دروستی پارتەکەمان جەخت لەسەر رێکخستنی نێو ماڵی کوردستان دەکەینەوە بەجۆرێک بە هەموو لایەکمان لەسەر پرسە ستراتیژییەكانی كوردستان، لە داكۆكیكردن لە مافە ڕەوا و دەستوورییەكانمان لە خاكەكهمان لە دەستكەوت و قەوارە نیشتیمانییەكەمان، هاوئاراستە و هاوگوتار بین و هەموو هەوڵێكی ڕژد و دڵسۆزانە بدەین لەپێناو چارەسەرکردنی کێشەکان و هەموولایەكمان بەرپرسانە بەرژەوەندیی گشتیی خەڵكی كوردستان ڕەچاو بکەین و ئەرکی لەپێشینەمان پاراستنی خاك و خەڵكی كوردستان و ئەم قەوارەیە و دەستکەوتەکانمان بێت.
كوردستانیانی هێژا
لە سەروبەندی یادی ڕاپەڕیندا، هەلومەرجی سیاسیى ناوچەکە بە گشتی و عێراق بەتایبەتی لە قۆناغێکی هەستیار و گرنگ دایە، گۆڕانکاری دیار و بەرچاو روویانداوە، بۆیە پێویستە هەموو لایەک لەسەر ئاستی سیاسی و حوکمڕانی هەرێمی کوردستان لەلایەک جەخت لەسەر سەقامگیریی و پاراستنی دەستکەوتەکانمان بکەین، لە لایەکیتر بە هەموو شێوەیەک کار بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێم و حکوومەتى فیدراڵ بکەین، کە مافی خەڵكی كوردستان و قەوارەی دەستووریی هەرێم و ماف و موستەحەقاتەکانی و چەندین پرسی دیکەن، کە بە پێی دەستوور و یاسا فیدراڵییەکان دانیان پیانراوە، بۆیە ئەمڕۆ ئێمە زیاتر پێویستمان بە هاوئاهەنگی و یەكدەستییە لە سەر ئاستی هەرێمی كوردستان و بەردەوامی گفتوگۆ و دانوستان لەگەڵ بەغدای پایتەختی فیدراڵی بەرەو چارەسەرکردن و یەکلاکردنەوەی گیروگرفتەکان تاکوو جارێکی دیکە کێشە و قەیرانەکان دووبارە نەبنەوە.
بەم بۆنەیەوە و لەو دەرفەتەدا جارێکی دیکە بە دڵنیاییەوە بەڵێن دەدەین و پێدادەگرین لەسەر بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلەکەمان و بەردەوامبوون لەسەر کارنامە و ئەرکە نەتەوەیی و نیشتیمانییەکانمان بۆ داکۆکیکردن لە بنەماکانی دیموکراسیەت و فیدراڵی و فرەیی سیاسی، هەروەها خزمەتگەیاندن و دابینکردنی مافەکانی خەڵک و چاکترکردنی باری ئابووری و هەلومەرجی بژێوی ڕۆژانەیان.
لە یادی ڕاپەڕینە شکۆدارەکەی كوردستاندا، سەری ڕێز و نەوازش بۆ شەهیدانی کورد و کوردستان سەروەریان بارزانیی نەمر و کاک ئیدریسی هەمیشە لەیاد دادەنوێنین.
دروود بۆ شەهیدانی راپەڕینە شکۆدارەکەی ئاداری 1991.
سڵاو بۆ گیانی پاکی شەهیدانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد و کوردستان.
هەر شەکاوە و شکۆدار بێت (34)یەمین ساڵیادی ڕاپەڕین..
مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان
5ی ئاداری 2025