هەرێم نیوز
سه‌باح سوبحی ڕایگەیاند، تا ناوەڕاستی مانگی ئازار نه‌وتی هەرێم هه‌نارده‌ی ده‌ره‌وه ده کرێت و سبەی كۆبونەوەیەكی گرنگ لەنێوان وەزارەتی نەوتی عێراق و سامانە سروشتیەكان و ئەپیكۆر بەڕێوەدەچێت.
سه‌باح سوبحی، جێگری سه‌رۆكی لیژنه‌ی نه‌وت و غاز له په‌رله‌مانی عێراق ڕایگەیاند، بڕیاره سبه‌ی سێشه‌ممه، كۆبونه‌یه‌كی گرنگ له نێوان وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق و سامانه سروشتییه‌كانی هه‌رێم و كۆمپانیای ئه‌پیكۆر له‌باره‌ی پرۆسه‌ی هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستانەوە به‌ڕێوه‌بچێت، راشیگەیاندووە، كۆبونه‌وه‌ی سبه‌ینێ كۆبونه‌وه‌یه‌كی چاره‌نوسسازه له‌باره‌ی كه‌رتی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان.
ئاماژەی بەوەشکرد، كۆبوونه‌وه‌كه بۆ دوو مه‌به‌سته، یه‌كه‌میان، له‌باره‌ی كرێی كۆمپانیاكان بۆ ده‌رهێنانی نه‌وتەو ئه‌و (16) دۆلاره‌ی دیاریكراوه گه‌ره‌نتی بكرێت، دووه‌میش له‌باره‌ی قه‌رزه‌كانی كۆمپانیاكانی بواری نه‌وته، کە له رابردودا نه‌وتیان ده‌رهێناوه‌و تا ئێستا پاره‌كە‌یان نه‌دراوه، ئه‌وه‌ش یه‌كلا ده‌كرێته‌وه، چونكه ئه‌پیكۆر هه‌شت كۆمپانیا له خۆ ده‌گرێت و (60%)ی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان ئه‌وان به‌رهه‌می دەهێنن.
له‌باره‌ی واده‌ی هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی هه‌رێم بۆ ده‌ره‌وه، سه‌باح سوبحی دەشڵێت؛ كۆبونه‌وه‌ی سبه‌ی یه‌كلاكه‌رەوە ده‌بێت، چونكه تازه بابه‌ته‌كه له‌وه ده‌رچووه بگه‌ڕێینه‌وه دواوه، بڕیار له‌سه‌ر هه‌نارده‌كردنی نه‌وتی كوردستان دراوه و پێشبینیی ئه‌وه‌م ده‌كرد له كۆتایی شوبات نه‌وتی هه‌رێم هه‌نارده بكرێت، به‌ڵام دواكه‌وتووه و پێشبینی ده‌كرێت له چه‌ند رۆژی داهاتووی زۆر نزیک، تا ناوەڕاستی مانگی ئازار، نه‌وت هه‌نارده‌ی ده‌ره‌وه بکرێت.