هەرێم نیوز
بارەگای بارزانی رایگەیاند، بارزانی لەگەڵ شاندێكی هاوبەشی سێ پارتی باكوور، بیروڕایان لەبارەی پڕۆسەی ئاشتی لە توركیا و كاریگەرییەكانی لەسەر كۆی پڕۆسەی سیاسی و دۆزی كورد لە ناوچەكە تاوتوێ کرد.
بارەگای بارزانی لە راگەیەنراوێکدا بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ ڕۆژی دووشەممە 3ی ئاداری 2025 لە سەڵاحەددین، بارزانی پێشوازی لە شاندێكی هاوبەشی سێ پارتی باكووری كوردستان كرد كە پێكهاتبوو لە مستەفا ئوزچەلیك سەرۆكی پارتی وڵاتپارێزانی كوردستان، بایرام بۆزیەل سەرۆكی پارتی سوسیالیستی كوردستان، دۆزگین كاپلان سەرۆكی پارتی ماف و ئازادییەكان،مەسعود تەك جێگری سەرۆكی پارتی سۆسیالیستی كوردستان،محەمەد شیرین تەیمور لە پارتی ماف و ئازادییەكان.
ئاماژەی بەوەش کردووە، لەدیدارەكەدا بە وردی بیروڕا لەبارەی پڕۆسەی ئاشتی لە توركیا و كاریگەرییەكانی لەسەر كۆی پڕۆسەی سیاسی و دۆزی كورد لە ناوچەكە ئاڵوگۆڕ كرا، جەختیش لە پاڵپشتیكردنی پڕۆسەی ئاشتی و گەیشتن بە چارەسەری لە توركیا كرایەوە.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەكە، هەر لەو كۆبوونەوەیەدا باس لە دوایین گۆڕانكارییە سیاسی و ئەمنییەكانی ناوچەكە و بە تایبەت سووریا کرا، سەرۆك بارزانی بەرچاوڕوونیی پێویستی بۆ شاندی میوان لەبارەی بارودۆخ و دواڕۆژی كورد و دەرفەت و هەڕەشەكان خستەڕوو.