هەرێم نیوز
ئەلپارسلان بایراکتار، وەزیری وزەی تورکیا رایدەگەیەنێت، وڵاتەکەی دەیەوێت لەگەڵ دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت، هێڵی بۆری نەوتی نێوان عێراق و تورکیا بەوپەڕی توانایەوە کاربکات.
تورکیا لە مانگی ئازاری ساڵی (2023)بۆرییەکەی راگرت، دوای ئەوەی ژووری بازرگانی نێودەوڵەتی فەرمانی بە ئەنكەرە کرد، بڕی یەک ملیار و (500) ملیۆن دۆلار بداتە بەغداد، وەک قەرەبووی هەناردەکردنی ڕێگەپێنەدراو لە نێوان ساڵانی (2014)بۆ(2018).
تورکیا لە کۆتایی ساڵی (2023)ەوە، رایگەیاندووە، ئامادەیی دەبڕیوە بۆ کارەکانی لەسەر دەسپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستانی عێراق لە رێی ئەو بۆرییەوە.
بەگوێرەی ئاژانسی ئەنادۆڵی تورکیا، وەزیری وزەی تورکیا رایگەیاندووە: ئەم هێڵە ماوەی ساڵ و نیوێکە ئامادەیە، دەیانەوێت هێڵی بۆری تورکیا-عێراق بەکاربهێنرێت، بەتایبەت هەر دوو بۆری (650) کیلۆمەتری لە سیلۆپیەوە بۆ جەیهان.
ئاماژەی بەوەشکردووە: دەیانەوێت بەشێک لەو نەوتەی بەم بۆرییەدا تێدەپەڕێت بچێتە پاڵاوگەی کریکالێ، هەروەها لەڕێی کەشتیەکانەوە لەڕێی بەندەری جەیهانەوە بچێتە پاڵاوگەکانی تورکیا یان بۆ پاڵاوگە جیاوازەکانی جیهان، بۆ ئەوەی توانای بۆرییەکە لە بەرزترین ئاستی خۆیدا بەکاربهێنرێت، بایراکتار ڕونیشیکردووەتەوە، پڕۆژەی رێڕەوی بازرگانی پلان بۆ داڕێژراوی نێوان تورکیا و عێراق، کە ناوی پڕۆژەی "رێگای گەشەپێدان"ە، دروستکردنی بۆرییەک کە دەگاتە کەنداوی عەرەبی لە خۆدەگرێت، بۆ گواستنەوەی نەوتی عێراق بۆ بازاڕە جیهانییەکان لە ڕێی تورکیایەوە.