هەرێم نیوز
ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز لە زاری وتەبێژی وەزارەتی نەوتی سوریاوە بڵاویكردەوە، دەسەڵاتدارانی باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا بە سەرکردایەتی کورد دەستیانکردوە بە دابینکردنی نەوت لەو کێڵگە ناوخۆییانەی کە بەڕێوەی دەبەن بۆ حکومەتی ناوەندی لە دیمەشق، بەرپرسێكی ڕۆژاڤاش دەڵێت، "ڕۆژانە پێنج هەزار بەرمیل نەوت لە ڕێگەی تەنكەرەوە بۆ پاڵاوگەی حمس دەنێرین".
ئەحمەد سلێمان، وتەبێژی وەزارەتی نەوتی حكومەتی سوریا ئەمڕۆ شەممە بە ڕۆیتەرزی ڕاگەیاند، دەسەڵاتدارانی باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا بە سەرکردایەتی کورد دەستیانکردوە بە دابینکردنی نەوت لەو کێڵگە ناوخۆییانەی کە بەڕێوەی دەبەن بۆ ئیدارەی نوێی سوریا دیمەشق.
ئاماژەی بەوەشکرد، نەوتەکە لە کێڵگەکانی حەسەکە و دێرەزورەوە هەناردە دەكرێن، كە لەسەر بنەمای وەشانێکی هەموارکراوی ڕێکخستنێکی پێشوی نێوان حکومەتی ئەسەد و دەسەڵاتدارانی کورد ئەنجامدراون، كە دەسەڵاتدارانی نوێی سوریا ماددەکانیان لەو ڕێککەوتنەدا گۆڕیوە ، چونكە "خزمەتی بەرژەوەندی ئەو کەسانەیان کردوە کە پەیوەندییان بە ڕژێمی ئەسەدەوە هەیە".
سەرچاوەیەک لە ئیدارەی باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا (ڕۆژاڤا) بە ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندوە، ڕێککەوتنەکە بریتی بووە لە ناردنی پێنج هەزار بەرمیل نەوتی خاوی ڕۆژانە، لە کێڵگەی ڕمێلان لە حەسەکە و کێڵگەکانی دیکەی پارێزگای دێرەزور بۆ پاڵاوگەیەکی حومس.
زۆربەی کێڵگە نەوتییەکانی سوریا لە باکوری رۆژهەڵاتی سوریا هەڵکەوتون، بەشێکی زۆریشیان دەکەونە ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری ڕۆژاڤای کوردستانەوە. کێڵگە نەوتییەکان زیاتر لە حەسەکە، دێرەزور و رەققە هەڵکەوتون
بەگوێرەی ئاژانسی ڕۆیتەرز، بازرگانی ناوخۆی نەوت بەشێکی سەرەکی دانوستانەکانی نێوان ئیدارەی خۆسەر و دەسەڵاتە نوێیەکانی دیمەشق کە دەیانەوێت هەمو ناوچەکانی سوریا بخەنە ژێر کۆنترۆڵی ناوەندەوە.
سەرچاوەکانی ڕۆیتەرز دەڵێن، "پێدەچێت كورد دەستبەرداری کۆنترۆڵی داهاتی نەوت بێت لە ناوچەكانی. مەزلوم كۆبانێ، فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) مانگی ڕابردو ئامادەیی دەربڕی بۆ ڕادەستکردنی بەرپرسیارێتی سامانی نەوت بە ئیدارەی نوێی سوریا، بە مەرجێک سەروەت و سامانەکە بە شێوەیەکی دادپەروەرانە بەسەر هەمو پارێزگاکاندا دابەشبکرێت".