ههەرێم نیوز
ئەو فەرمانبەرانەى لە 31ـى کانوونى یەکەمى 2024 خانەنشین بوون، هێشتا کارە کارگێڕییەکانیان تەواو نەبووە و لە مانگى شوبات مووچە وەرناگرن، بەڵکو مانگى داهاتوو سێ مووچەى ئەمساڵ پێکەوە وەردەگرن.
سەرچاوەیەک لە وەزارەتى دارایى هەرێمى کوردستان رایگەیاند، "ئەو 25 هەزار و 500 خانەنشینەى لە 31ـى کانوونى یەکەمى 2024 خانەنشین بوون و تەمەنیان 60 ساڵى تێپەراند، بۆ مانگى شوبات مووچە وەرناگرن، چونکە هێشتا نەخراونەتە لیستى مووچەى خانەنشینان و رێکارە کارگێڕییەکانیان تەواو نەبووە".
بۆ مانگى ئازار، بەگوێرەی سەرچاوەکە، ئەو کەسانە ناویان وەک خانەنشین دەخرێتە لیستى مووچەى خانەنشینانى هەرێمى کوردستان و مووچەکانیان بۆ دەبەسترێت، بەڵام مووچەى مانگەکانى کانوونى دووەم و شوبات و ئازار پێکەوە وەردەگرن.
سەرچاوەکەی وەزارەتى دارایى دەشڵێت، پاداشتى خانەنشینى ئەوانەى 18 مانگیان هەیە، شەش مانگى لە فەرمانگەکەى خۆیەوە بۆى خەرجدەکرێت و 12 مانگەکەش لە رێگەى بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی خانەنشینی سەر بە وەزارەتى دارایى خەرجدەکرێت.
لە هەرێمى کوردستان 170 هەزار خانەنشینى شارستانى و 120 هەزار خانەنشینى سەربازیى بوونیان هەیە.