هەرێم نیوز
پارێزگاری سلێمانی ڕایگەیاند، ئهمڕۆ "ناوەندێکی نێو دەوڵەتی" له شارهكه دەکرێتەوە بۆ کاری بازرگانی و دارایی. بەگوێرەی زانیاریەکان كردنهوهی ئهو ناوهند پهیوهندی به لقی بانكهكانی ڕهشید و ڕافیدهینهوه نیه.
د. هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی، بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاند، "ئەو بانکەی دەکرێتەوە ناوەندی نێودەوڵەتی بۆ دارایی و بازرگانییە، ئەم شوێنە یەکەم جارە بەم شێوازە و بەم ناوەرۆک و پسپۆڕییە لە ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان دەکرێتەوە".
وتیشی، "هەمو بانکەکان و بۆرسەکان و هەمو بوارەکانی وەبەرهێنان و دارایی و بازرگانی دەتوانن بەش و لق لەم بانکە بکەنەوە، بەپێی ئەو ڕێکارانەی کە بۆ کردنەوەی لق بە پێی یاساکانی فیدڕاڵ و هەرێم دیاری کراون".
لای خۆشیەوە، د. نەرمین مەعروف، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند: تا ئێستا ڕەزامەندی حكومەتی عێراقی نییە بۆ كردنەوەی لقی بانكەكانی ڕافیدەین و ڕەشید و بانكی بازرگانی عێراق TBIی لە شارەكانی هەرێمی كوردستان، بۆیە ئەوەی دەوتریت لقی ئەو بانكانە لە سلێمانی دەكرێتەوە دوورە لەڕاستییەوە.
ئاماژەی بەوەشكرد، ئەمڕۆ عەلی عەلاق، پارێزگاری بانكی ناوەندی دێتە سلێمانی، بەلام هاتنی ناوبراو بۆ كردنەوەی لقی ئەو بانكانە نییە وەك ئەوەی بەو جۆرە بلاوكراوەتەوە لە هەندێك دەزگای ڕاگەیاندن، بەڵكوو هاتنەكەی پەیوەندی بەكردنەوەی سەنتەرێكی بازرگانییەوە هەیە لە شاری سلێمانی.