دواین هەواڵ

کۆمەڵایەتی‌

 4 رۆژ پێش ئێستا

بە بارمتەگرتنی (منداڵ) و (کەسوکار) ئاگرێکی گەورەتر

هێمن عەبدوڵقادر

ڕۆژێک پاڵەوانێکی بەهێزیان لەسەر دزی گرت و کەلەپچەیان کرد بەدەستی پۆلیسێکەوە ، پاڵەوانەکە لە ڕێگادا پۆلیسەکەی خستە سەر شانی و ڕایکرد تا گەیشتە کەناری ئاوێک ، کە بینی پۆلیسەکە مەلە نازانێت ، بە ناجاری دانیشت تا هاتنە سەری و دووبارە دەستگیریان کردەوە ، ئینسان زۆرجار بە شتی بچووک کەلەپچە و مەحکوم ئەبێت ، واتێدەگات دەتوانێت ئەم شتە بچوکانە بدات بە شانیدا و لێی هەڵبێت ، بۆیە کاتێک دەگات بە ڕوبارێکی قوڵ یان ئاوێک یان کێشەیەک ، دەبینێت کەلەپچەی مەلە نەزانێکە ، ئەگەر لێی بدات ئەخنکێ ، تا ئەوەی ناچارە دووبارە دابنیشێت و بە تاوان و ئازاری گەورەتر بێنەوە سەری و دەستگیری بکەن.
.................

کاریلەیەک ئەگەر لە دایکی داببڕی هەتا بەیانی ئەقاڕێنێ ، پشیلەیەک کە دایکی دیار نەبێت هەتا ئێوارە ئەمیاوێنێت ، توتکەیەک ئەقروسکێنێ ، بەدبەختی مرۆڤ ئەوەیە ئازارەکانی لە دەرونیدا دەنیشێت ، ئەمەندە بێدەنگ دەبێت ، هەتا ئەو کاتەی دەرفەتێکی بۆ هەڵدەکەوێت ، تۆڵەی هەموو ئەو گریان و ئازارانە ، لە خۆیی و دایک و باوکی و کۆمەڵگاکەی بە زیادەوە دەکاتەوە 

هەتا ئەمڕۆ زۆرینەی دەرمانەکان کە بەرهەم دەهێنرێن لەسەر ئاژەڵی بەدبەخت تاقی دەکرێنەوە ، زۆرینەی زانایانی ڕەفتار ناسی و دەرونناسی تاقیکردنەوەکانیان لەسەر ئاژەڵ دەکەن و پاشان پەیوەستی دەکەن بە مرۆڤەوە ، دڵی بەرازێک سەرکەوتووانە دانرا ، مشکێک توانی کاردانەوەی بۆ دەرمانی شێر پەنجە هەبێت ، مەیموونێک ئاوا لەگەڵ بێچووەکەی ڕەفتاری کرد ، لەبەر ئەوە ئەگەر ژیری مرۆڤ، یان تێکستەکان، نەگەیشتە ئەوەی وەڵامی پرسیار گەلێک بداتەوە ، چی لەوە باشترە کە ئەم قیاسکردنە لە سروشتەوە وەر بگرین و تێڕامێنین :-

هیچ ئاژەڵێک لە سروشتدا نییە کاتێک نێرو مێیەکەی کێشە بکەوێتە نێوانیان دەست بەسەر مندالەکان بگرێت و وەک کارتێک لە دژی ئەوی تریان بەکاری بهێنێت ، لەم ڕەفتارانەدا شانشینی ئاژەڵەکان لە مرۆڤ پێگەیشتووترن ، نەک ئەوەی مرۆڤیان تێپەڕاندبێت ، نا ، بەڵکو دەستکاری فیطرەتی خۆیان نەکردووە و یاسا گەلێکیان پێچەوانەی خۆیان دانەڕشتووە.

منداڵ هی هەردووکیانە ، با یەکێکیان کێشەشی هەبێت. 
...................................
عەباسی کیا ڕۆستەمی کە یەکێکە لە دەرهێنەرە گەورەکانی سینەمای ئێرانی لە فیلمی (تامی گێلاس)دا ، لەسەرزاری یەکێک لە کارەکتەرەکانەوە کە دەیەوێت خۆی بکوژێت دەڵێت ( ڕاستە دەزانم خۆ کوشتن تاوانێکی گەورەیە ، بەڵام ئەوەش تاوانێکی گەورەیە کە مرۆڤ خۆشبەخت نەبێت لەژیاندا) ، ئێمە تێدەگەین لەوە جیابوونەوە کارێکی خراپە ، بەڵام ئەوەش خراپە کە مرۆڤ لە ژیانی هاوسەریدا خۆشبەخت نەبێت ، لەسەر بچوکترین شت ببێت بە کێشە ، دایکت وای گووت باوکت وای گووت ، براکانت وا هاتن ، خوشکەکانت وایان کرد ، کە پەیوەندی گەیشتە ئێرە ژیان دەبێت بە دۆزەخ ، هەڵهاتن لە دۆزەخ کارێکی باشە ، بەڵام هیچ دڵنیاییەک نییە مرۆڤ بەرەو دۆزەخێکی گەورەتر نەڕوات ، کاتێک شیشی زیندان دەشکێت ، مرۆڤ لە زیندانێکی بچووکەوە ڕادەکات بۆ زیندانێکی گەورەتر کە کۆمەڵگایە.

کاتێک لە دەستی یەکتری ڕادەکەین و پەیوەندییەکان دەگەنە ڕادەی مردن و ساردبوونەوە ، هیچ گرەنتییەک نییە دەرگای دۆزەخ و تەنهاییەکی قوڵتر لە خۆمان نەکەینەوە، بۆیە مرۆڤ دەبێت بەرگەی دۆزەخ بگرێت ، بکەوێت ، بگری ، سەر ئەژنۆکانی بریندار بن ، خەت و چاڵی گەورە بکەونە سەر ڕوخساریان ، ئەوانە نابنە تانە و نەشتەر دەبنە ئەزموون.

هەموو تەنێک بە خێرایی دەست دەکات بە جووڵە و لە خاڵێکدا دەوەستێت ، هەموو پەیوەندییەک بە خێرایی دەست ئەکات بە گەشە و ڕۆیشتن، بەڵام سروشتی مرۆڤ وایە لە خاڵێکدا ئەم پەیوەندییە دەوەستێ ، تەنها پێویستی بەوەیە دووبارە پاڵێکی تری پێوە بنرێت ، 
.........................
کورد ئێژێت :-(تا نەبێ سەمەرێ ، نابێت خەبەرێ )

(تا نباشد چیزکی، مردم نگویند چیزها) 
تا قسەیەکی بچووک نەبێت ، مەردووم قسەی گەورە و زۆر ناکەن ، تا شتێکی بچووک بە کۆڵتەوە نەبێت نازانیت چەند ئەسیر و دیلێکی گەورەیت 
حەمدی وتەنی :-
من منی و تۆتۆیی عاشق خاسی خۆمانە سەنەم 
              جاڕی هیجرانە لەوەسڵا هەرچی مەیلت بێ ( ئەو)ین
تۆ وات کرد و من وام کرد و کەسوکار وایان کرد ، جاڕی دوورکەوتنەوە و شەڕی نێوانمانە ، هەرچی بە بەرامبەرەکەشمان بڵێین خۆشمان هەر ئەوەین ئیتر.
نوقتە سەری دێڕ ......
......................
کێشەو ئاژاوە بەرۆکی گشت مرۆڤێک دەگرێت، با یەکتری بە بارمتە نەگرین ، خراپترین نەدەین بە کۆڵماندا ئاگرەکە گەورەتر نەکەین ، بەجۆرێک کە هەموو شتێک بسووتێ



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP