نوێنەر یاسین
دژیەکی مەعریفی بریتیە لە هەستکردن بە گرژی و ناخۆشی لە ئەنجامی نەگونجانی ڕەفتارەکانی تاك و بیرو باوەڕەکانی، بۆ نمونە کاتێ کەسێکی دیندار سێکسی ناشەرعی دەکات هەست دەکات ڕەفتارێکی نواندووە کە بە پێچەوانەی باوەڕی دینیەتی و هەست بە دژیەکی مەعریفی دەکات.
ئەگەر سەرنجی ڕەفتار و گوفتاری تاکی کوردبدەین بەئاسانی دەتوانین گریمانەی ئەوە بکەین کەوا تاکی کورد ئاستێکی بەرزی لە دژەیەکی مەعریفی هەیە واتە جیاوازیەکی زۆر لەنێوان ڕەفتار و بیرو باوەڕەکانی هەیە، قسەکانمان کە نوێنەرایەتی بیرو باوەڕەکانمان دەکەن لە ئاسمانەو کردارەکانیشمان لەسەر زەوییە، تاکی کورد بە قسە زۆر دیندارە، بەڵام بە کردار زۆر ڕووکەش پابەندە، بە قسە زۆر ئازادە، بەڵام بە کردار مەحکومە بە زۆر هێزی دەرەکی، بە قسە زۆر هاوسەنگە، بەڵام بە کردار زۆر ئینفیعالییە...هتد.
لەوانەیە ئەو دژیەکیە لە فەیس بووك و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان زەقتربێ، زیادەڕەوی ناکەین گەربڵێین جیاوازییەکی زۆر لەنێوان پۆستەکان و شێوازی ژیان و سیماتەکانی کەسایەتی زۆربەمان هەیە.
کەسانێ هەن کاتێ پۆستەکانیان دەخوێنیەوە دەچیتە جیهانێکی میسالی و هەست بە کەمی دەکەی بەرامبەر ئەو هەموو مەعریفەو وشە بریقەدارانەی کە ڕیزی دەکەن جا چ بە نوسین بێ یا بە ڤیدیۆ، کەچی ئەگەر لە نزیکەوە بیانناسی تێدەگەی بە ڕەفتار هیچ جیاوازیەکیان نیە لەگەڵ عەمبارێکی گومرگ جگە لە هەندێ جیاوازی ڕێژەیی نەبێ کە پەیوەندی بە جیاوازی ژینگەی هەر یەکێکیان هەیە.
دژیەکی مەعریفی تەنها سیماتێکی کەسایەتی تاك نیە، بەڵکو سیماتێکی گروپ و حیزب و کۆمەڵگەشە، زۆرجار حیزبەکان، یا گروپێکی دیاریکراو ڕەفتارەکانیان بە پێچەوانەی دروشم و بانگەشەکانیانە، ئەوان بانگەشەی دیموکراسی و مافی مرۆڤ و دادپەروەری و دینداری ...هتد دەکەن، بەڵام بە کردار تەواو جیاوازن، بۆیە زیادەڕەوی ناکەین گەر بڵێین کولتووری ئێمە کولتوورێکە کە دژیەکی بەرهەم دەهێنێ، بۆ نمونە ئێمە هەموومان واپەروەردەکراوین کە نۆرەبڕی شتێکی خراپە و ئەمە بەشێکە لە سیستەمی مەعریفی و ئەخڵاقیمان، بەڵام گەر تۆ لە فەرمانگەیەکی حکومی کار بکەی و خزمێکت، یا برادەرێکت کارێکی لەوێ هەبێ و خەڵکێکی زۆر نۆرەیان گرتبێ، لەوکاتە داوات لێ بکا بێ نۆرە گرتن کارەکەی بۆ بکەی، لەو هەڵوێستە گەر بە قسەی بکەی توشی دژیەکی مەعریفی دەبی ، گەر بەقسەشی نەکەی توشی لۆمەی ئەو ئەو و سەدان کەسی تر دەبی کە نۆرەبڕیان بۆ ناکەی، بۆیە دەبینین زۆربەی خەڵکی ئەو ڕەفتارانە دەکەن بەبێ ئەوەی هەست بە دژیەکی مەعریفیش بکەن، چونکە کۆمەڵگە بەگشتی لەڕووی تیۆری دژی ئەو ڕەفتارانەیەو کەچی بە کردار لەگەڵیەتی..