هەرێم نیوز
نوێنەری تایبەتی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ سووریا پشتڕاستی کردەوە، کە تاران "پەیوەندی ناڕاستەوخۆ"ی لەگەڵ فەرمانڕەوا نوێیەکانی دیمەشق هەیە و پەیامیان بۆ تاران ناردووە.
محەممەد ڕەزا ڕەئوف شەیبانی کە لە سەرەتای شەڕی ناوخۆی سوریاوە تا ساڵی 2016 باڵیۆزی ئێران بووە لە سوریا، لەئێستادا لە مۆسکۆیە "بە مەبەستی دانوستان لەگەڵ دەسەڵاتدارانی ڕووسیا".
شەیبانی ڕۆژی هەینی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی فەرمی ئیرنا وتی "بە دڵنیاییەوە سەقامگیری و ئاشتی سوریا بۆ ئێمە گرنگییەکی تایبەتی هەیە و ئێمەش دژی هەر دەستوەردانێکی دەرەکیین لە کاروباری ئەم وڵاتەدا."
دەزگای هەواڵی ئیرنای ئێران لە زاری نوێنەری تایبەتی ئێران بۆ کاروباری سوریایی محەمەد ڕەزا ڕەئوف شەیبانیەوە بڵاویکردەوە " کۆماری ئیسلامی ئێران بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ لە پەیوەندیدایە لەگەڵ دیمەشقدا."
وتیشی ئێرانیش " پەیامی " لە سوریاوە بە دەست گەیشتووە، بەڵام ئاماژەی بەوە نەدا چی وڵاتێک بووەتە نێوەندگر لەم پەیوەندییەدا.
کاتێک پرسیاری لێکرا سەبارەت بە لێدوانەکانی ئەمدواییانەی وەزیری دەرەوەی سوریا ئەسەد ئەلشیبانی لەسەر پەیوەندییەکان لەگەڵ ئێراندا، شەیبانی وتی " بۆچوونی ئێمە سەبارەت بە پێشهاتەکان لە سوریا و گەڕاندنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ دیمەشقدا بەرەوپێش دەچێت." جەختیشی لەوە کردەوە کە ئێران " بە چڕی " چاودێری دۆخەکەی سوریا دەکات.
ئێرانی هاوپەیمانی سەرسەختی ڕژێمەکەی ئەسەد، لە مانگی دوانزەدا دیپلۆماتکارانی لە سوریا کشاندەوە کاتێک هێزەکانی یاخیبووان بە سەرکردایەتی سەرۆکی ئێستای سوریا ئەحمەد شەرع ڕژێمەکەی ئەسەدییان ڕووخاند.
لە مانگی دوانزەدا شەرع وتی پەیوەندییەکانی نێوان دیمەشق و تاران دەبێت لە ڕێزگرتن لە سەروەری هەردوو وڵاتەکەوە سەرچاوە بگرێت و نابێت دەستوەردان هەبێت لە کاروباری ناوخۆی یەکتردا.