دواین هەواڵ

جیهان‌

 2 رۆژ پێش ئێستا

ئێران: لەسەر پرسی ئەتۆمی نەرمیی نانوێنین

هەرێم نیوز

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایدەگەیەنێت، لەسەر بنەمای پاراستنی مافەکانی خۆمان لە بەرنامەی ئەتۆمیی بەردەوام دەبین و بە هیچ شێوەییەکیش لەو بابەتەدا نەرمیی نانوێنین.

ئیسماعیل بەقائی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند "بەرنامەی ئەتۆمی و پرۆسەی پیتاندنی یۆرانیۆم بە شێوەیەکی ئاشتیانە بەردەوامە، چەند ساڵیشە هەر بەو شێوەییە  بەردەوام بووە."

ئاماژەشی دا "بەرنامەکەش لەسەر بنەمای پەیماننامەی نەهێشتنی چەکی ئەتۆمییە (NPT)، بە هیچ شێوەییەکیش لەو بابەتەدا نەرمیی نانوێنین."

ئەم لێدوانەی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، دوای قسەکانی مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا دێت کە لە ئیسرائیل گوتبووی: ئێران هەڕەشەیە بۆسەر ئاسایشی ملیۆنان خەڵک لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لە پشت هەموو کردەوە تیرۆرستەکانە لە ناوچەکەدا.

لەمیانی سەردانی ماركۆ ڕۆبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا بۆ ئیسرائیل، بنیامین نەتەنیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل داوای كرد "كۆتایی بە ئەركی دژ بە ئێران" بهێنرێت.
نەتەنیاهۆ وتی:"لەماوەی 16 مانگی ڕابردوودا، ئیسرائیل گورزی بەهێزی دژی باڵەكانی ئێران وەشاندووە، لەسایەی سەرۆك دۆناڵد ترەمپ و سەركردایەتیە بەهێزەكەی و پشتیوانی جێگیرتان، گومانم نییە دەتوانین و لە ئەركەكەدا سەركەوتوو دەبین".

سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل وتیشی:"ئیسرائیل و ئەمەریكا شانبەشانی یەكتر دەبن لە بەرەنگاربوونەوەی ئێران".

وتەكانی سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل و وتەی بەرپرسە ئێرانییەكە لەكاتێكدایە، بەرپرسێكی باڵای ئەوروپی بە "عەرەبیە" ی وتووە:"ئیدارەی ئەمەریكا بە سەرۆكایەتی دۆناڵد ترەمپ هەوڵدەدات بەشێوەیەكی ڕاستەوخۆ گفتوگۆی نهێنی لەگەڵ ئێران سەبارەت بە بەرنامە ئەتۆمییەكەی بكات.

ئەو بەرپرسە ئەوروپیە وتیشی "ئیدارەی ئەمەریكا هەوڵدەدات بگاتە ڕێككەوتنێك لەگەڵ ئێران بەر لە تشرینی یەكەمی داهاتوو، ئەویش كاتی تەواوبوونی ئەو ڕێككەوتنە ئەتۆمیەیە كە ساڵی 2015 وڵاتانی ڕۆژئاوا لەگەڵ ئێران واژۆیان كرد و لە 2018 دۆناڵد ترەمپ لە ڕێككەوتنەكە كشایەوە.

"ئەگەر ئیدارەیەكی ئەمەریكی هەبێت توانای رێككەوتنی هەبێت لەگەڵ ئێران، ئەوە ئیدارەی ترەمپە". ئەو بەرپرسەی ئەوروپا وا دەڵێت.

ترەمپ چەند جارێك لە چاوپێكەوتنەكانی ڕابردوویدا دووپاتیكردووەتەوە، هەوڵدەدات گفتوگۆ لەگەڵ ئێران بكات. بەڵام لەهەمانكاتدا هەڕەشەی ئەوەشیكردووە ئەگەر گفتوگۆكان ئەنجامی نەبێت بیر لە بژاردەی سەربازییش دەكەنەوە، هەڕەشەكانی ئەمجارەشی بەوەدەكرد كە دەیوت "ئەگەر ڕێككەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران بكەین ئیسرائیل خاكی ئێران بۆردومان ناكات".

بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ترەمپ جەختی دەكردەوە ئەگەر بگەن بە ڕێككەوتنێكی ئاشتیانە لەبارەی بەرنامە ئەتۆمیەكەی ئێران، ئەوا ڕێگە بەو وڵاتە دەدەن بەشێوەیەكی ئاشتیانە بەرەوپێش بچێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP