هەرێم نیوز
نووسینگەی عەلاوی رایدەگەیەنێت، لێکدانەوەی هەڵە بۆ قسەکانی ناوبراو لەبارەی کردنەوەی لقێکی حزبی بەعس، لە هەولێر کراوە. دووپاتیشی دەکاتەوە "عەللاوی ڕێز و پێزانینی تایبەتی بۆ سەرۆک بارزانی هەیە."
ئەیاد عەلاوی لەقسەكانی پاشگەزدەبێتەوەو دەڵێت لێكدانەوەی ناردوست بۆ مەبەستەكەی كراوە.
نوسینگەی عەلاوی، لەبەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە: ئەو گرتە ڤیدیۆییەی پارچەكراوەو بەم دواییانە بڵاوکرایەوە لە وتەیەكی عەلاوی، سەبارەت بە دەنگۆی کردنەوەی بارەگای حزبی بەعس لە هەولێر لەلایەن مەسعود بارزانیەوە، لێکدانەوەی ناڕاست بۆ مەبەستەكەی كراوە.
ئاماژەی بەوەشدەكات: عەلاوی لە وتارەکەیدا ئەو تۆمەتانەی رەتكردووەتەوە کە بەم دواییانە لەبارەی بونی بارەگای حزبی بەعس لە هەرێمی کوردستان بڵاوبوونەتەوە، جەختی لەوەش کردووەتەوە، ئەو تۆمەتانە تەواو ناڕاستن، بەڵام ئەو قسانە پارچەكراوەو لە دەقی وتارەکەی دەرهێنراوە، ئەوەش بووەتە هۆی خراپ تێگەیشتن.
ئەمەش لە کاتێکدایە، دوێنێ شەممە، بارەگای بارزانی بڵاوی کردبووەوە، "لە کاتی ڕاگەیاندنی کۆمەڵەیەکی سیاسیەوە بەڕێز ئەیاد عەللاوی هەندێ قسەی لەبارەی کردنەوەی لقی حزبی بەعس لە کوردستان خستووەتەڕوو. جەخت دەکەینەوە دەرگەی کوردستان و هەولێر کراوەیە بۆ هەموو هاووڵاتییەکی عێراقی کە بە ئازادییەوە تێدا بژیێت، بەڵام ئەوەی بەڕێز ئەیاد عەلاوی لەبارەی کردنەوەی لقێکی حزبی بەعس لە کوردستان باسی کردووە دوورە لە ڕاستی و لەهەمانکاتیشدا ڕایدەگەیێنین ئەم جۆرە قسانە جێگەی سەرسووڕمانێکی زۆر و جێگەی پرسیارن کە بۆ ئەم قسانەی کردووە کە ڕاست نین."