هەرێم نیوز
شاندێکی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لە هەرێمی کوردستانن، ئەمڕۆ سێشەممە، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم پێشوازی لەو شاندە کردووە وچەند تەوەرێکیان باسکردووە، یەکێکیان هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بووە.
مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە بێریس ئیکینجی، جێگری وەزیری دەرەوەی تورکیا و شاندێکی یاوەری کرد، لە دیدارەکەدا، بیروڕا لەبارەی دەرفەتەکانی پەرەپێدانی پەیوەندیی دوولایەنە ئاڵوگۆڕ کرا، بە تایبەتی لە بوارەکانی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و وزەدا.
هەردوولا هاوڕابوون لەسەر پێویستیی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بەندەری جەیهان، بە تایبەتی دوای پەسەندکردنی هەمواری یاسای بودجەی فیدراڵ، لایەن ئەنجوومەنی نوێنەرانەوە، تایبەت بە تێچووی دەرهێنان و گواستنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان.
هەروەها گفتوگۆ لەبارەی پرۆژەی ڕێگەی گەشەپێدان و بەستنەوەی وڵاتانی کەنداو و عێراق بە تورکیا و ئەوروپا لە ڕێگەی هێڵی ئاسنین کرا، لەمبارەیەوە، جەخت لە گرنگیی بەشداریی هەرێمی کوردستان لەم پڕۆژە ستراتیژییەدا کرایەوە.
لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەدا، گۆڕانکاری و پێشهاتەکانی دۆخی سووریا تاوتوێ کرا و پێویستیی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی سووریا و دەستەبەرکردنی مافەکانی گەلی کورد و گشت پێکهاتەکان دووپات کرایەوە.