هەرێم نیوز
هەندێک پێى دەڵێن شار و هەندێکى دیکەش پێى دەڵێن وڵات، بەڵام کاریگەرییەکانى ئەوەندە زۆرن ناکرێت تەنها وەک ژمارەى دانیشتووان یان وەک رووبەر و تواناى سەربازیی لێی بڕوانرێت، بەڵکو دەبێت لەو هێزە نەرمەوە سەیری بکرێت کە کاریگەریی لەسەر سەرجەم سێکتەرەکانى وڵاتانى جیهان دادەنێت، ئەویش دەوڵەتى بەقەبارە بچووکی ڤاتیکانە کە هەرچى پێوەرە زانستى و نەریتییەکانى پێچەوانە کردووەتەوە و ئەمڕۆ 47 ساڵ بەسەر دامەزراندنیدا تێدەپەڕێت.
ئەم دەوڵەتە مێژوویەکی دوور و درێژیی نییە وەک یەکەیەکى سیاسی و جوگرافی، بەڵام قوڵاییەکى مێژوویی هەیە لەنێو ئاینى مەسیحییەکاندا، لە رۆژی 18ـى شوباتى ساڵى 1978 هەردوو وڵاتى ئیتاڵیا و ڤاتیکان ڕێککەوتنێکیان واژۆکردووە بۆ داننان بە سەربەخۆیی ڤاتیکان کە پێشتر یەک وڵات بوون و لە ئێستادا بارەگاى سەرەکی کڵێساى کاسۆلۆکی جیهان و شوێنى نیشتەجێ بوونى پاپایە و بە بچوکترین وڵاتى سەر زەوی دێتە ئەژمار
دەوڵەتى ڤاتیکان دەکەوێتە باکووری ڕۆژئاوای ڕۆمای پایتەختی ئیتالیا، چەند سەد مەترێک لە ڕووباری تەیبەرەوە دوورە و ڕوبەرەکەى ٠٬٤٤ کم٢ (واتە کەمترە لە نیو کیلۆمەتر چوارگۆشە) و ژمارەى دانیشتوانەکەى 825 کەسە و زۆرینەیان قەشە و کەسە ئاینییەکانە، ئەگەر بێتوو گەشتیارێک رووى تێبکات دەبێت لە دەرەوەى شارەکە نان بخوات و لە یەکێک لە ئوتێلەکانى ئەو دەوروبەرەشدا بخەوێت، ئەگیان شوێنى مانەوە لەنێو ئەو وڵاتەدا نییە .
ڤاتیکان خاوەنی سیستمێکی سیاسیی تا ڕادەیەک ئاڵۆزە، پاپا سەرۆکی دەوڵەتەکەیە و لەلایەن ئەنجومەنی کاردیناڵەکانەوە ھەڵدەبژێردرێت، تا لە ژیاندا بێت پاپایە و خاوەنی دەسەڵاتێکی ڕەھای جێبەجێکردن و یاسا دانان و دادوەرییە و بەهیچ پاساوێک لەکار دوورناخرێتەوە، بەگوێرەى سیستمى بەڕێوەبردنی وڵاتى ڤاتیکان پاپا پێنج ساڵ جارێک دەستەی بەڕێوەبردن دەسنیشان دەکات بۆ ئەنجامدانی کاروبارەکانی دەوڵەت رایدەسپێرێت، وەزیری دەوڵەتیش دەدرێتە کاردیناڵێک کە لەلایەن پاپاوە دەستنیشان دەکرێت و بەرپرسە لە پەیوەندییە دەرەکییەکانی ڤاتیکان و کورسی پاپەویی.
ژمارەی سەربازو پاسەوانەکانى نزیکەى ١٠٠ کەسێک دەبن کە ئەرکیان پارێزگاریکردنە لە خودی پاپا و ھەمویان نێرینە و کاسۆلیکی و بەرەگەز سویسرین، ڤاتیکان ھێزی دەریایی و ئاسمانی نییەو دەوڵەتی ئیتالیا لەبواری بەرگری دەرەکیدا ھاوکاری دەکات، بەڵام ئەوەى جێگەى سەرنجە وڵاتێکە بەبێ هیچ یەکەیەکی بچووکراوی دارایی، نەپارێزگاى هەیە و نە یەکە ئیدارییەکان تر....