دواین هەواڵ

عێراق‌

 22 کاتژمێر پێش ئێستا

ڕۆژنامەیەک؛ میلشیا ئەفغانی و پاکستانیەکان لەناو حەشدی شەعبی جێگیرکراون

هەرێم نیوز

رۆژنامەی (العربي الجدید): لە راپۆرتێکدا بڵاویکردەوە، بەرپرسێکی ئەمنی عێراق راگەیاندووە، ئەو گروپە چەكدارە بیانییانەی بوونیان لە عێراق ئاشکرا بووە، زۆربەیان هەڵگری رەگەزنامەی ئەفغانی و پاکستانییان، کە پێشتر شانبەشانی رژێمی سوریا شەڕیان دەکردو لە(٧ و ٨)ی کانوونی دووەمداو دوای روخانی رژێمی ئەسەد بەرەو عێراق پاشەكشێيانكرد.

رۆژی پێنجشەممە، عەدنان زورفی، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بوونی ئەو گروپە چەكدارە بیانییانەی ئاشکرا کرد، کە بە وتەی خۆی لە لیستی گروپە تیرۆریستییەکاندا پۆلێنکراون، هۆشداریشیدا لە مەترسیی داڵدەدانیان بۆ ئاسایشی عێراق.

لای خۆیەوە، ئەو بەرپرسە ئەمنییە ئاماژەی بەوەداوە، ئەندامانی ئەو گروپانە پاسپۆرت و بەڵگەنامەیان پێ نییە، بوونیان لە ناو خاکی عێراق واقیعێکە بارودۆخی ناو خاکی سوریا سەپاندویەتی، ئەو دەنگۆیانەش راست نییە كە باس لەوە دەكات حكومەتی عێراق سەرپەرشتیان بكات یان باوەشی بۆ كردبێتنەوە، جەختیشیکردەوە لەوەی، لە کەمپەکانی سەر بە حەشدی شەعبی نیشەجێكراون، بێ ئەوەی ئاماژە بە شوێنەکەیان بکات.

یاسر وتوت، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ هەینی راگەیاندووە، لیژنەیەکی تایبەتمەند لە پەرلەمانی عێراق جوڵە دەكات بۆ لێکۆڵینەوە لەو زانیاریانەی کە باس لە بوونی گروپی چەکداری بیانی دەكات لە ناو بارەگا سەربازییەکان لە عێراق .

ئاماژەی بەوەكردووە، بوونی گروپی ناعێراقی لە ناوخۆی عێراق كارێكی نادروستە، مەترسی و هەڕەشەیەکی ڕاستەقینە بۆ سەر ئاسایشی عێراق دروست دەکات، رەنگە پاساوێکی نوێ بێت بۆ بەئامانجگرتنی عێراق لەلایەن ئەمریکا یان قەوارەی زایۆنیەوە، هەر لەبەر ئەم هۆکارەش لێکۆڵینەوە لەو بابەتە دەکەن و هەڵوێستیان دەبێت بەرامبەر بەو بابەتە.

هەر لەو چوارچێوەدا عەبدولڕەحمان جەزائیری، سەرکردە لە هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا راگەیاندووە، بوونی گروپە چەکدارە بیانییەکان لە ناو خاکی عێراق، مەترسیدارەو هەڵەیە، و رەنگە ئەو گروپانە ببنە ئامانجی واشنتۆن و ئیسرائیل، ئەمەش رەنگە عێراق بەرەو ململانێیەکی سەربازیی مەترسیدار ببات لە قۆناغی داهاتوودا.

جەزائیری ئاشکرای کردووە، ئەو گروپە چەکدارانەی کە لە سوریا بوون پێش روخانی رژێمی بەشار ئەسەد کشاونەتەوە، بە گروپە نا عێراقیەکانیشەوە لە نمونەی (فاتیمیون و زەینەبیون)، ئەم گروپانە بەفیعلی لە ناوخۆی عێراقدا ئامادەن، ئەوەش سەرچاوە جیاوازەکان جەختیان لێكردووەتەوە، بەڵام شوێنەکانیان نادیارە، بۆیە ئەگەری ئەوە هەیە لە دەرەوەی بارەگا سەربازییە فەرمیەكان بن.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP