دواین هەواڵ

کوردستان‌

 1 رۆژ پێش ئێستا

وەزیری بەرگری ئەڵمانیا: پشتگیری خۆمان بۆ هەرێمی کوردستان دووپات دەکەینەوە

هەرێم نیوز

وه‌زيرى به‌رگريى ئه‌ڵمانيا لە کۆبوونەوەیدا لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پابەنديى ئەڵمانیای بە پشتگیريی هەرێمی کوردستان دووپات كرده‌وه.

له‌ چوارچێوه‌ى كارنامه‌كه‌يدا له‌ كۆنفرانسى ئاسايشى ميونشن، به‌يانيى ئه‌مڕۆ هه‌ينى 2025/2/14 نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، له‌ ديدارێكدا لەگەڵ بۆریس پیستۆریوس، وەزیری بەرگريی ئەڵمانیا، باسيان له‌ پەیوەندییەکانی ئه‌ڵمانيا له‌گه‌ڵ عێراق و هەرێمی کوردستان و په‌يوه‌ندييه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا كرد و ده‌رباره‌ى هه‌ڕه‌شه‌كانى داعش و پێشهاته‌كانى ناوچەکە به‌تايبه‌تى سووريا، بيروڕايان گۆڕييه‌وه‌.

نێچیرڤان بارزانی پێزانینی هەرێمی کوردستانی بۆ يارمه‌تيدان و پشتيگريى ئه‌ڵمانيا له‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان دەربڕی، هه‌روه‌ها جه‌ختى له گرنگی و پێويستيى هه‌رێمى كوردستان به‌ بەردەواميی ئەم هاوکارییانه‌ کرده‌وه‌.

لاى خۆیەوە، وه‌زيرى به‌رگريى ئه‌ڵمانيا پابەنديى ئەڵمانیای بە پشتگیريی هەرێمی کوردستان دووپات كرده‌وه‌، هه‌روه‌ها بەهێزکردنی هاريكاريى هاوبه‌شى ئه‌ڵمانياى له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تيرۆر به‌ پێويست له‌ قه‌ڵه‌م دا.

جێی ئاماژەیە پێش ئەم کۆبوونەوەیە، نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ وەزیری بەرگری ئیتاڵیاش کۆبووەوە. کە هەر لەو کۆبوونەوەیەشدا وەزیری بەرگريی ئیتاڵیا جەختی لەسەر گرنگيی هاوبەشيی لەگەڵ هەرێمی کوردستان و پابه‌نديى وڵاتەکەی بۆ بەردەواميی پشتگیريی پێشمەرگە و بەهێزکردنی هاوکاريی سەربازی و ئەمنی له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستاندا کرده‌وه‌، هه‌روه‌ها ستايشى ڕۆڵى هه‌رێمى كوردستانى كرد له‌ پاراستنى سه‌قامگيرى له‌ ناوچه‌كه‌دا‌.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP