دواین هەواڵ

عێراق‌

 2 رۆژ پێش ئێستا

سودانی بە سەردانێکی فەرمی بەرەو وڵاتی چیک بەڕێکەوت

هەرێم نیوز 

بەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بە سەردانێکی فەرمی بەرەو براگی پایتەختی چیک بەڕێکەوت.

نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، رۆژی پێنجشەممە 13-02-2025 محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق بەرەو پراگ-ی پایتەختی کۆماری چیک بەڕێکەوت.  

محەممەد شیاع سوودانی لە 16ی نیسانی 2024 لە شوێنی مانەوەی خۆی لە واشنتن-ی پایتەختی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لەگەڵ پیتەر فیالا-ی سەرۆکوەزیرانی چیک کۆبووەوە. 

سەرۆکوەزیرانی چیک ئەوکات بە فەرمی بانگهێشتی سوودانی کرد بۆ وڵاتەکەی، سوودانیش بەڵێنی دا لە نزیکترین دەرفەت دا ئەو سەردانە بکات، بۆ گەنگەشەکردنی زیاتر دەرفەتی هاوبەشی و ئاڵوگۆڕی دوولایەنە.

لە دیدارەکە سەرۆکوەزیرانی عێراق روونیکردەوە، عێراق خوازیارە لە هەموو بوارەکانی ئاڵوگۆڕ و تەواوکاری ئابوورییدا کراوە بێت، بەتایبەتی لەگەڵ ئەو بووژانەوەی بیناسازی و پڕۆژەکانی ژێرخان.

هەروەها ئاماژەی بەوەدا، کۆمپانیاکانی چیک دەتوانن بەشداری بکەن لە هەموو ئاست و دەرفەتە وەبەرهێنانە پێشکەشکراوەکاندا، لەگەڵ بەشداری لەگەڵ کەرتی تایبەتی عێراقی لە زۆر لەو بوارانەی کە کەرتی کار و بازرگانی لە عێراق پێویستی پێیەتی. 

رۆژی 18-02-2024 پیتەر شتیپانیک، باڵیۆزی چیک لە عێراق رایگەیاند کە قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان هەردوو وڵات بە نزیکەی 255 ملیۆن دۆلار مەزەندە دەکرێت، کە زۆربەی بریتییە لە کڕینی نەوتی عێراقی لەلایەن کۆماری چیکەوە، لەکاتێکدا عێراق ئۆتۆمبێلی چیکی دەکڕێت.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP