هەرێم نیوز
دادگەی فیدڕاڵی سکاڵایەکی سەرۆککۆماری عێراق تاوتوێ دەکات کە تایبەتە بە پابەندکردنی حکومەتی عێراق بە ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان.
ئەمڕۆ چوارشەممە، دادگای فیدڕاڵی سکاڵایەکی سەرۆککۆماری عێراق تاوتوێ دەکات کە تایبەتە بە پابەندکردنی حکومەتی عێراق بە ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بەبەردەوامیی و لەکاتی خۆییدا.
بەگوێرەی خشتەی کۆبوونەوەکانی ئەمڕۆی دادگەی فیدڕاڵی، دادگەکە سکاڵایەکی لەتیف ڕەشید، سەرۆککۆماری عێراق تاوتوێ دەکات کە دژی سەرۆکوەزیران، سەرۆکی پەرلەمان و وەزیری دارایی فیدڕاڵ تۆماریکردووە و تیایدا داوا دەکات فەرمانێکی سالاری بەپەلە دەربکرێت و وەزارەتی دارایی پابەند بکرێت بە خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەرانی کوردستان بۆ هەموو مانگەکانی پێشوو و داهاتوو.
لە سکاڵاکەدا داواشکراوە وەزارەتی دارایی عێراق پابەندبکرێت بەوەی هیچ کێشەیەکی هونەریی و کارگێڕی نەکاتە پاساو بۆ دواخستنی ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی کوردستان.
سەرۆک کۆمار لە سکاڵاکەیدا داوای لە دادگای فیدراڵی کردووە، ئەنجومەنی نوێنەران پابەندبکرێت بە هەموارکردنی بڕگەی (ج)ی لە ماددەی ١٢ی یاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢٣بۆ ئەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بتوانێت لە ڕێی داهاتی نەوتەوە بەشداری لە دابینکردنی دارایی بۆ خەزێنەی دەوڵەت بکات و دابینکردنی شەش دۆلار بۆ خەرجی بەرهەمهێنانی نەوت لە هەرێمی کوردستاندا مەرجێکی ستەمکارانەیە و زیان بە بەرژەوەندی گشتی خەزێنەی دەوڵەت دەگەیەنێت و بەزیانیش بۆ ئابووری وڵات دادەنرێت.