دواین هەواڵ

کوردستان‌

 14 کاتژمێر پێش ئێستا

وتەبێژی پارتی: پێویستە لە كاتێكی زوودا حكومەت پێكبهێندرێت

هەرێم نیوز
مەحموود محەممەد ڕایگەیاند، پێویستە لە كاتێكی زوودا حكومەت پێكبهێندرێت و بكەوێتە سەر ڕێچكەی خۆی.

 مەحموود محەممەد، وتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان لە كۆنفڕانسێكی ڕۆژنامەوانیدا لەبارەی پێكهێنانی كابینەی نوێی حكومەتی ڕایگەیاند: “لیژنە تەكنیكییەكانی هەردوولا چەندین كۆبوونەوەیان كردووە، زۆربەی ئەو بابەتانەی كە لەنێوان هەردوولا باس كراون چارەسەر كراون و یەكلا كراوەتەوە و گەیشتوونەتە بیری هاوبەش بۆ پێكهێنانی حكومەت، چەند خاڵێكی كەم ماون كە پێویستی بەوەیە لە ئاستێكی دیكەدا باس بكرێن، ئەویش لە چەند ڕۆژی داهاتوو یان لە هەفتەی داهاتوو كۆبوونەوە دەكرێت كۆتایی بەو چەند خاڵەش دەهێندرێت”.

ئاشکراشیکرد: “ئێمە و یەكێتی گەیشتووینەتە ئەو بڕوایەی كە بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئاڵنگارییەكان و ئەو گرفتانە كە هەن پێویستە لە كاتێكی زوودا حكومەت پێكبهێندرێت و بكەوێتە سەر ڕێچكەی خۆی”.

ئەوەشی خستەڕوو: “ئومێد دەكەین، كۆبوونەوەی ئاستی باڵا كە لە ڕۆژانی داهاتوو دەكرێت ببێتە هۆی یەكلاكردنەوەی ئەو خاڵانەی كە ماون و بە یەك كۆبوونەوە یەكلا بكرێنەوە، بەتایبەت كە دوای ئەوەی كە لە ماوەی ڕابردوو كە مەسرور بارزانی و بافڵ تاڵەبانی كۆبوونەوە، پێمانوایە ئەمە تەكانێكی زیاتر دەداتە زوو چارەسەركردنی گرفتەكان”.

باسی لەوەشکرد: “ناتوانین بڵێین كە خاڵی جیاوازمان هەیە، بەڵكوو ئەوەی كە هەیە ئەوەیە كە هەردوولامان چۆن بیر لە حكومەت و پێكهێنانی كابینەی تازە دەكەینەوە، ڕای جیاوازمان لەمبارەیەوە هەبوو بەڵام سەرجەمیان چارەسەر كراون”. 

ئاماژەی بەوەشکرد: “تاوەكو ئێستا قسەمان لەسەر دابەشكردنی پۆستەكان نەكردووە چونكە ئەمە قۆناغی داهاتووە”.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP