دواین هەواڵ

کوردستان‌

 13 کاتژمێر پێش ئێستا

دیندا زێباری: لە هەرێمی کوردستان 446 کەس لەسەر تیرۆر سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووە

هەرێم نیوز 

رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، لە زیندانەکانی هەرێمی کوردستان 446 کەس لەسەر دۆسیەی تیرۆر سزای لەسێدارەدانیان هەیە و وتیشی: 1400 زیندانیمان رادەستی بەغدا کردووەتەوە.

دینداری زێباری لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "لە دوای ساڵی 2013وە هێزی پێشمەرگە لە دەرەوەی کەرکووک بەرگرییان لە شارەکە کرد و ئاسایش و دەزگا هەواڵگرییەکان سەنتەری شاری کەرکووکیان لە هەموو پەلامارێک پاراستووە. دەسەڵاتی دادوەری و دادگەکانیش کاری خۆیان کردووە."

رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان ئاماژەی بەوەشکرد کە بەگوێرەی یاسا مامەڵە لەگەڵ چەکدارانی داعش کراوە و دوای ئازادکردنی ناوچە سنوورییەکانی پارێزگای کەرکووکیش، لە چوارچێوەی یاسادا مامەڵەیان لەگەڵ کراوە. هەروەها ئەوانەشی خەڵکی پارێزگاکانی دیکە بوون، لەگەڵ دەسەڵاتی دادوەریی عێراق هەماهەنگییان کردووە و رادەستی حکومەتی عێراق و دادگەکانی عێراق کراون.

دیندار زێباری ئەو کەسانەی بەسەر سێ جۆردا پۆلێن کرد:

ئەوانەی خەڵکی کوردستانن و هەر لە کوردستان ماونەتەوە.

ئەوانەی خەڵکی ناوچەکانی مادەی 140ن و هاوسنووری ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەرێمی کوردستانن و مەترسیان هەبووە.

ئەوانەی خەڵکی کوردستان نەبوون و لە ئۆپەراسیۆنی هاوبەش دەستگیرکرابوون و داعش بوون، بە لێکۆڵینەوە و بەڵگەی تەواوەوە لەکاتی دادگاییکردن یان دوای دادگاییکردن رادەستی پارێزگاکانی خۆیان کراونەتەوە.

بە وتەی زێباری، رێکخراوی یونامی و ئەمریکا لە چوارچێوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی شاهێدی ئەو پرۆسەیە بوون، کە نزیکەی 1400 زیندانی بە پێنج  کاروانێک رادەستی حکومەتی فیدراڵی کراونەتەوە.

باسی لەوەش کرد کە نزیکەی 500 کەس کە تەمەنیان لە نێوان 16 بۆ 22 ساڵ بووە، دوای تەواوکردنی سزای زیندانی ئازادکراون.

ئەوەشی خستەڕوو کە زیاتر لە 500 کەس لەسەر تۆمەتی تیرۆر سزادراون ئێستا لە زیندانەکانی هەرێمی کوردستانن، 446یان سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچووە، بەڵام لە 2008ـەوە جێبەجێکردنی یاسای لەسێدارەدان لە هەرێمی کوردستان راگیراوە و پابەندن بە پێوەرە نێودەوڵەتییەکان. 

جەخت لەوە دەکاتەوە: "مەترسی راستەوخۆیان هەبووە بۆ سەر هەرێمی کوردستان، بۆیە دەستگیرکراون و سزایان بۆ دەرچووە، ئەوانەشی لە شوێنی دیکەی عێراق کردەیان هەبووە و پەیوەندی بە هەرێمی کوردستان نەبووە، رادەستی حکومەتی فیدراڵی کراونەتەوە". 

سەبارەت بەوەی کە ئایا یاسای لێبووردنی گشتیی هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە، دیندار زێباری وتی: بەگوێرەی دەستوور، دەسەڵاتی دادوەریی لە هەرێمی کوردستان سەربەخۆیە، ئەمە دەگەڕێتەوە ئەوەی ئایایە ئەو یاسایە لە کوردستان بەرکار دەکرێت یاخود نا ، بۆیە ئەم بڕیارە دەبێت دەسەڵاتی دادوەریی بیدات"



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP