هەرێم نیوز
بارزانی، لە پەیامێکدا بە بۆنەی جەژنی قوربانەوە، پیرۆزبایی ئاراستەی موسڵمانان دەکات و هۆشداری دەداتە لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان کە پێویستە دوای جەژن کۆببنەوە و کۆتایی بە چەقبەستوویی سیاسی بهێنن.
ئەمڕۆ سێشەممە، 26ـی 5ـی 2026، بارزانی بە بۆنەی هاتنەوەی جەژنی قوربانەوە، پەیامێکی بڵاوکردەوە، تێیدا پیرۆزبایی ئاراستەی هاوڵاتیانی کوردستان، عێراق و جیهان، بەتایبەتیش کەسوکاری کوژراوانی شەڕ و هێزەکانی پێشمەرگە کردووە، هیوای خواستووە کە ئەم بۆنەیە ببێتە مایەی خێر، ئاشتی و سەقامگیری بۆ ناوچەکە و جیهان.
بارزانی، لە پەیامەکەیدا داوای لە لایەن و هێزە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان کردووە، بەرژەوەندییەکانی خەڵک لەبەرچاو بگرن و بەرژەوەندییە باڵاکان بخەنە سەرووی ئامانجە بەرتەسکەکانەوە، هاوکات داوای کردووە واز لە ململانێی بێئەنجام بهێنرێت کە پڕۆسەی سیاسیی هەرێمی کوردستانی دوچاری کێشە کردووە.
ئاماژەی بەوەش کردووە، پێویستە دوای جەژنی قوربان، لایەنە سیاسییەکانی هەرێم کۆببنەوە بۆ چارەسەرکردنی چەقبەستوویی سیاسی و کۆتاییهێنان بەم دۆخە، ئەمەشی بە ئەرکێکی نیشتمانی و نەتەوەیی وەسف کردووە کە پێویستە بە هەستی بەرپرسیارێتییەوە مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت.