دواین هەواڵ

جیهان‌

 15 کاتژمێر پێش ئێستا

هاکان فیدان: ڕاگواستنی فەلەستینییەکانی غەززە قابیلی قبووڵ نییە

هەرێم نیوز 

وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، راگواستنی فەلەستینییەکان لەسەر خاکەکەیان، قابیلی قبووڵ نییە، دەشڵێت، جیهانی ئیسلامی، تورکیا، جیهانی عەرەبی و زۆرینەی رەھا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پاڵپشتی لە پێشنیاری دامەزراندنی دوو دەوڵەت دەکات. 

هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لەبارەی پلانی ڕاگواستنی فەلەستینیەکان لەلایەن ئیسڕائیلەوە، رایگەیاند، تورکیا ئەو جۆرە پێشنیازانە بە جیدی وەرناگرێت، راگواستنی فەلەستینییەکان لەسەر خاکەکەیان، قابیلی قبووڵ نییە، چونکە ئەو ھەنگاوانە مانای نەزانین و تێنەگەیشتن لە مێژوو دەگەیەنێت.

ئاماژەی بەوەش کردووە، "لە ساڵی 1948دا، فەلەستینییەکان ئاوارە کران، دواتر بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە، کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پێشنیازی چارەسەری دوو دەوڵەتی خستەڕوو، کە پێشنیازەکە رێگە بە فەلەستینییەکان دەدات دەوڵەتی خۆیان دابمەزرێنن،هەروەها بتوانن شان بە شانی ئیسرائیل لەسەر سنوورەکانی ساڵی 1967 بژین و قودسی رۆژھەڵات پایتەختەکەی بێت."

دەشڵێت، "جیهانی ئیسلامی، تورکیا، جیهانی عەرەبی و زۆرینەی رەھا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پاڵپشتیمان لەو پێشنیازە کردووە، ئەوەش لە کاتی ئەو دەنگدانەی کە بەم دواییانە لە نەتەوە یەکگرتووەکاندا بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی فەلەستین کرا."

ئەمەش لەکاتێکدایە، زۆرینەی وڵاتانی عەرەبی سەرکۆنەی لێدوانێکی بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلیان کرد کە وتبووی: سعوودییە خاکێکی زۆری هەیە، با دەوڵەتێکی فەڵەستینی لەسەر خاکەکەی دروست بکات.

 

 

 



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP