هەرێم نیوز
تیمەکانی بەرگریی شارستانی سێ هاوڵاتی و پشیلەیەکیان لە نێو ئاگری شووقەیەک ڕزگار کرد.
موقەدەم شاخەوان سەعید، وتەبێژی بەرگریی شارستانی هەولێر لە لێدوانێکدا ڕاگەیاند، ئەو کاتەی ئافرەتێک کە بەتەنها لەو شوقەیە ژیاوە، نەوتی لە سۆپاکە کردووە ئەو کاتەی سۆپاکە پێ بووە، سۆپاکە گڕی گرتووە و ئافرەتەکەش ترساوە لە شوقەکە هاتووەتە دەرەوە و ڕای کردووە، هەر زوو دوو تیمی بەرگریی شارستانی گەیشتنە شوێنی ئاگر کەوتنەوەکە.
ئەوەشی خستەڕوو، دواتر چوار تیمی دیکەش گەیشتنە شوێنی ڕووداو، دایکێک و منداڵێک کە لەسەربانی باڵەخانەکە بوون، ڕزگارکران، ئافرەتێکی دیکەش کە بێهۆش ببوو، ڕزگارکرا و فریاگوزاریی سەرەتایی بۆکرا.
باسی لەوەشکرد، دواتر ڕەوانەی نەخۆشخانە کرا، ئێستا باری تەندروستی جێگیر نییە و لە چاودێری چڕ دایە.
ڕوونیشیکردەوە، هیچ زیانێکی گیانی لە ڕووداوی ئاگرکەوتنەوەکە نەبووە.دەشڵێت، پشیلەیەکیشمان ڕزگار کرد و ئۆکسجینمان پێیدا.