هەرێم نیوز
شاندی دەم پارتی بۆ ئیمرالی سەردانی هەولێر دەکەن و لەگەڵ بارزانی، پرۆسەی نوێی ئاشتی لە تورکیا و باکووری کوردستان تاوتوێ دەکەن، هەروەها دەم پارتی راشیگەیاند، شاندەکە لەگەڵ هەر یەک لە نێچیرڤان بارزانی و بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی کۆدەبێتەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە، 10-02-2025، پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، شاندی پارتەکەیان بۆ ئیمرالی کە دوو جار لەگەڵ عەبدوڵلا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پە*کە*کە) کۆبوونەوەتەوە، سەردانی هەولێر دەکات.
بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، شاندەکەی دەم پارتی ڕۆژی یەکشەممە، 16-02-2025، سەردانی هەولێر دەکات و لەگەڵ بارزانی و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆ دەبێتەوە.
شاندەکەی دەم پارتی لە پەروین بوڵدان و سرری سورەییا ئۆندەر پێک دێت و لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پرۆسەی نوێی ئاشتی لە تورکیا و باکووری کوردستان و ئەنجامی کۆبوونەوەکانیان لەگەڵ عەبدوڵلا ئـ.ـۆجەلان، تاوتوێ دەکەن.
رۆژی دواتر و لە 17ی شوبات، شاندەکە دەچێتە سلێمانی و هەریەک لە بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەبینن.
دەم پارتی دەڵێت، شاندەکە لە سێ کەس پێکدێن کە بریتین لە سری سورەییا ئۆندەر، بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی دەم پارتی و پەروین بوڵدان، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە بازنەی وان و کاسکین بایندر، هاوسەرۆکی پارتی هەرێمە دیموکراتەکان لە تورکیا.
ئەمەش لەکاتێکدایە، رۆژی 1ی تشرینی یەکەمی 2024 دەوڵەت باخچەلی تەوقەی لەگەڵ هاوسەرۆکانی دەم پارتی کرد؛ رۆژی 22ـی تشرینی یەکەمی 2024 هەنگاوێکی دیکەی نا و داوای لە عەبدوڵڵا ئـ.ـۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە کرد بچێتە "پەرلەمانی تورکیا و لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی دەم پارتی قسە بکات و بڵێت: تیرۆر کۆتاییهاتووە و رێکخراوەکە هەڵوەشێندراوەتەوە،" دواتر داوای کرد، شاندێکی دەم پارتی سەردانی ئـ.ـۆجەلان لە ئیمراڵی بکات.
شاندی دەم پارتی رۆژی 28ـی کانوونی یەکەمی 2024 سەردانی ئیمراڵی کرد و لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پە*کە*کە) کۆبووەوە. رۆژی دواتر شاندەکە پەیامێکی لەسەر زاری ئۆجەلان بڵاوکردەوە، تێیدا جەختی لە بەهێزکردنی برایەتیی کورد و تورک کردەوە.
دوای ئەوە شاندەکە سەردانی بەشێک لە پارتە سیاسییەکانی پەرلەمانی تورکیای کرد و لەگەڵیان کۆبووەوە.
شاندەکەی دەم پارتی بۆ جاری دووەم لە 22-01-2025 سەردانی ئیمرالی کرد و لەگەڵ عەبدوڵڵا ئـ.ـۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە کۆبووەوە؛ دواتر پەیامێکیان بڵاوکردەوە و رایانگەیاند، "کارەکانی بەڕێز ئـ.ـۆجەلان لەبارەی پرۆسەکە بەردەوام دەبێت. دوای تەواوکردنی ئامادەکارییەکان، پەیام بۆ رای گشتی بڵاودەکاتەوە."