دواین هەواڵ

جیهان‌

 6 کاتژمێر پێش ئێستا

وەزیری بەرگریی: کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە سووریا بە دەستی ترەمپە

هەرێم نیوز

وەزیری بەرگریی ئەمریکا لەبارەی ئەگەری کشانەوەی هێزەکانیان لە سووریا و رۆژئاوای کوردستان رایگەیاند، ئەوان لە پێنتاگۆن تەنیا پلان بۆ شتەکان دادەنێن و ترەمپ بە لەبەرچاوگرتنی 'بەرژەوەندییە ستراتیژییەکان'یان ئەو جۆرە بڕیارانە دەدات.

پیت هێگسەس، وەزیری بەرگریی ئەمەریکا لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوە کرد، بڕیاری کشانەوەی هێزەکانیان لە سووریا و ڕۆژئاوای کوردستان، بە دەستی دۆناڵد ترەمپە و بەرژەوەندییە ستراتیجییەکانی وڵاتەکەش ڕەچاو دەکرێن.

هەر لەوبارەوە، هێگسەس، باسی لەوە کرد، ئەوان لە وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا (پێنتاگۆن) ، پلان بۆ هەموو ئەگەرێک دادەنێن و ئامادەکاریشی بۆ دەکەن. 

ئەم لێدوانانە لە کاتێکدان، چەند ڕۆژێک لەمەوبەر دوو بەرپرسی وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا بە ئاژانسەکانی هەواڵیان ڕاگەیاندبوو، دۆناڵد ترەمپ و چەند بەرپرسێکی ئیدارەکەی، خواستی خۆیان بۆ کشانەوەی هێزەکانیان لە سووریا و ڕۆژئاوای کوردستان نیشان داوە.

رۆژی 30ی1ی2025 ترەمپ لە کۆشکی سپی لەبارەی کشاندنەوەی هێزەکانیان لە سووریا و رۆژئاوای کوردستان رایگەیاند، "نازانم سەرچاوەی ئەم هەواڵە کێیە." هەروەها گوتی، بڕیارێک لەبارەی چارەنووسی هێزەکانیان لە سووریا دەدەن، کە بمێننەوە یان نا.

لە سەرەتای ساڵی 2019، ئیدارەی ئەوکاتەی ئەمریکا شکستی داعشی راگەیاند و ژمارەی سەربازەکانی ئەمریکای لە دوو هەزار سەربازەوە بۆ 900 کەمکردەوە.

لە کانوونی یەکەمی رابردوو، وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا رایگەیاند، وەکو بەشێک لە ئۆپەراسیۆنەکانی دژ بە داعش، ژمارەی سەربازەکانیان لە سووریا بۆ دوو هەزار سەرباز زیاد کردووە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP