دواین هەواڵ

جیهان‌

 8 کاتژمێر پێش ئێستا

وەزیری دادی تورکیا: بانگەوازەکەی ئـۆجـەلان بۆ پـەکـەکـەیە نەک بۆ تورکیا

هەرێم نیوز

لە کاتێکدا چاوەکان لەسەر ئەو بانگەوازەن کە بڕیار لە چەند ڕۆژی داهاتوودا عەبدوڵڵا ئۆجەلان بڵاوی بکاتەوە؛ وەزیری دادی تورکیا ڕایدەگەیەنێت "بانگەوازەکەی ئۆجەلان بۆ ئێمە نییە، بەڵکوو بە تەواوی بۆ پەکەکەیە کە خۆی دامەزرێنەریەتی".

یڵماز تونچ، وەزیری دادی تورکیا،  لە میانی چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ خەبەرتورک لەبارەی ئەگەری بڵاوکردنەوەی بانگەوازەکەی ئۆجەلان لە 15ی شوبات ڕایگەیاند: "شتێکمان نییە بۆ ڕوونکردنەوە لەمبارەیەوە. چونکە بانگەوازەکە بۆ ئێمە و گەل و دەوڵەتەکەمان نییە. بەڵکوو بە تەواوی ڕووی دەم دەکرێتە پەکەکە کە ئۆجەلان خۆی دامەزرێنەریەتی".

وتیشی: بانگەوازەکەی ئۆجەلان بۆ کێ بێت ئەو تاوتوێی ئەوە دەکات بانگەوازەکە چ کاتێک بڵاو دەکرێتەوە و ناوەڕۆکەکەی چی دەبێت و چۆن چۆنی بە دەمییەوە دێت.
تەواوی ئەمانە لە دەرەوەی دەوڵەتە و بۆ ئەمە ئۆجەلان ڕووی دەمی لە دەوڵەت ناکات.

وەزیری دادی تورکیا ڕەتی دەکاتەوە کە بە هیچ جۆرێک تورکیا سازش بکات و لە بەرامبەر پێدانی کۆمەڵێک شت، ئۆجەلان ڕازی بووبێت بانگەوازەکە بڵاو بکاتەوە کە دەم پارتی بە بانگەوازێکی مێژوویی ناوی دەبات بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد بە شێوەیەکی ڕیشەیی و یەکجارەکی بە ڕێگاچارەی ئاشتییانە. 

یڵماز تونچ جەخت لەوە دەکاتەوە ئامانج لەو پرۆسە نوێیە تەنیا کۆتایی هێنانە بە خەباتی چەکداریی پەکەکە کە ئەو بە "تیرۆر" ناوی دەبات و دوورخستنەوەی شەڕ و پێکدادانە لە تورکیا، نەک سازشکردنی تورکیا بۆ پەکەکە.

لە وەڵامی پرسیاری "ئایا شاندی دەم پارتی جارێکی دیکە سەردانی ئۆجەلان دەکەن؟"، ناوبراو گوتی: "تائێستا داواکارییەکی لەو جۆرەمان ئاراستە نەکراوە، ئەگەر ئاراستەمان بکرێت، تاوتوێی دەکەین".

ئەمەش لە کاتێکدایە، تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی پارتی دیموکراسیی و یەکسانیی گەلان (پارتی دەم) دوای كۆبوونەوەی لەگەڵ فراکسیۆنی پارتەکەی لە پەرلەمانی تورکیا بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند، ئەو بانگەوازە مێژووییەی كە چاوەڕەوان دەكرێت ئۆجەلان بڵاوی بكاتەوە، بەمنزیکانە دەبێت و ڕەنگە بانگەوازەکە لە ۱۵ـی ۲ یان دوای ئەوە بێت".

باکرهان لە وەڵامی پرسیاری "ئایا بانگەوازەکە بۆ چەکدانان دەبێت؟ هاوسەرۆكی دەم پارتی ڕایگەیاند، "ناوەڕۆکی بانگەوازەکە نازانم، نازانین ناوەڕۆکەکەی چییە، بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی لە شاندەکەمانەوە وەرم گرتووە قسە دەکەم، "بانگەوازەکە بۆ چارەسەرکردنی ریشەیی و هەمیشەیی کێشەی کورد و بنیادنانی تورکیایەکی دیموکراتییە".

هەروەها وتیشی: "مادام ئۆجەلان ڕایگەیاندووە دەتوانێت دۆخەکە لە شەڕ و پێکدادانەوە بگۆڕێت بۆ زەمینەی یاسایی، پێویستە زمانی ئاخاوتنی دەسەڵاتدارانیش لەگەڵ ئەوە بگونجێت. ئەو زمانەی تائێستا دەسەڵاتداران قسەی پێ دەکەن خزمەت بە پرۆسەی ئاشتی ناکات".



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP