دواین هەواڵ

کوردستان‌

 4 کاتژمێر پێش ئێستا

کەشناسی: شەپۆلێکی نوێی بارانبارین دەستپێدەکات

هەرێم نیوز
وەزارەتی گواستنەوەو گەیاندن ڕایگەیاند: پێشبینى دەکرێ سبەى ڕۆژی شەممە شەپۆلێکى کورت خایەنى باران بارین لە کاتەکانى بەرەبەیان لە باکورى ڕۆژئاواى هەرێمەوە بەرەو بەشێک لە ناوچەکانى دەشتى هەولێر و کەرکوک و خورماتوو و بەشێک لە ناوچەکانى گەرمیان بێت وە لە کاتەکانى ئێوارەشدا ناوچەکانى سلێمانى و هەڵەبجەش دەگرێتەوە, وە ئەگەر هەیە لە هەندێ ناوچە (تێکەڵەی بەفر و باران بێت) بەتایبەت شارى سلێمانى وە بەشێک لە ناوچە شاخاویەکانى باکورى ڕۆژهەڵاتى هەرێم.

هاوکات سیروان ساڵح؛ شارەزای کەشناسی رایدەگەیەنێت بەهۆی کاریگەری ناوچەیەکی پەستان نزمی دەریای ناوەڕاست و قوڵبونەوەی کاریگەری تۆپەڵە هەوایەکی ساردی سیبری ڕوسی لە بەرەبەیانی سبەینێ شەممەو ڕۆژی شەممە تاوەکو شەوی شەممە لەسەر یەکشەممە ئەگەری کڕێوەبەفر هەیە لە زۆربەی ناوچه شاخاویەکان لە نێوان ( 5 ملم باران تاوەکو 5 سانتیمەتر بەفر ) هەیە.

شەپۆلەکە لە ناوچەکانی گەرمیان کاریگەری زیاتر دەبێت لە تەواوی بەرزاییەکانی باکووری گەرمیان و ناوەڕاستی گەرمیان ئەگەری باران و کڕێوە بەفر هەیه، ئەگەرهەیە لە بەرزاییەکانی نێوان کەرکوک و چەمچەماڵ و نێوان ناحییەی ڕزگاری بەرەو ناحییەی سەنگاو و بەرزاییەکانی نێوان کەلار پێباز بۆ شێخ تەویل و بەرزاییەکانی داری خلە بڕێکی کەم بەفر ببارێت.

بڕی بارانبارین لەگەرمیان لە نێوان ( 5 تاوەکو 10 ملم دەبێت ) لە بەرزایی زیاتر لە 400 مەتر ئەگەری ( 1 سانتیمەتر بەفر هەیە ) لە زنجیرە چیاکانی باکووری گەرمیان بڕی بەفرەکە زیاتر دەبێت.

ئاماژەی بەوەشداوە، بەهۆی ئەگەری بارینی کڕێوەبەفر پلەکانی گەرمی بەڕێژەیەکی بەرچاو دادەبەزێت و لەکاتەکانی شەودا پلەکانی گەرمی لە تەواوی ناوچەکانی گەرمیانیش چەند پلەیەک دەچنه ژێر سفری سەدییەوە.

شەپۆلی باران و بەفرو کڕێوە لە شەوی شەممە لەسەر یەکشەمە کۆتایی دێت و بۆماوەی چەند ڕۆژێک پلەکانی گەرمی بەنزمی دەمێننەوە.



Copyright © 2020 All Rights Reserved Designed And Developed By AVESTA GROUP