هەرێم نیوز
دوای ئەوەی شەوی ٢٠٢٥/٢/٥ ڕووداوی وەرگەڕانی ئۆتۆمبێلی خێزانێک لەسەر ڕێگای سلێمانی_پێنجوێن بووە هۆی گیان لەدەستدانی شۆفێری ئۆتۆمبێلەکە و برینداربوونی یەکێک لە سەرنشینانی، دەزگای ئاسایشی هەرێم دەستیکرد بە بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە لەسەر هۆکاری ڕوودانی ڕووداوەکە.
دەزگای ئاسایش ڕایگەیاندووە، سەرئەنجام دەرکەوت هۆکاری ڕووداوەکە دروستبوونی شەڕ و دەمەقاڵێ بووە لەنێوان دوو شۆفێر لەناحیەی ناڵپارێز، یەکێک لە شۆفێرەکان بە چەقۆ هێرش دەکاتە سەر شۆفێری بەرامبەری و برینداری دەکات و دواتر شوێنی دەکەوێت، دەبێتە هۆی وەرگەڕانی و گیان لەدەستدانی شۆفێرەکە و برینداربوونی یەکێک لە سەرنشینانی ئۆتۆمبێلەکە و دواتر تۆمەتباری ڕووداوەکە هەڵهات.
پاش وەرگرتنی بڕیاری دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە لەسەر ڕووداوەکە کرا و تۆمەتباری ڕووداوەکە دەستنیشانکرا، تۆمەتبار خۆی ڕادەستی هێزەکانی ئاسایش کرد و ڕووبەڕوی یاسا کرایەوە.
لە ئێستادا تۆمەتباری ڕووداوەکە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی دەستگیرکراوە و لێکۆڵینەوە لەکەیسەکەی بەردەوامە.